فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجە:
چاوەڕێى سەروو 300 هەزار میوان دەکات
964+
وریا فەتاح
ساڵى پار 270 هەزار میوان سەردانى فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجەیان کردبوو، بەڵام ئەمساڵ رێکخەرانى دەیەمین فێستیڤاڵى هەنار بەپێى ئەو کارئاسانیانەى کردوویانە، چاویان لەوەیە رێژەى میوانەکان سەروو 300 هەزار کەس تێپەڕێنێت و دەشڵێن، “باى زیاتر لە سێ ملیار دینار هەنار و بەرهەم دەفرۆشین”.
یاسین ئەحمەد، دەستەی سەرپەرشتیاری دەیەمین فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجە بە 964ـى وت،”سبەینێ کاتژمێر 10ـى بەیانى، چالاکییەکانى دەیەمین فێستیڤاڵى هەنار دەستپێدەکات و بۆ ماوەى سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، دوو رۆژى دواتریش کاتژمێر 8ـى بەیانى بۆ کاتژمێر 6ـى ئێوارە پێشوازى لە میوانەکان دەکرێت”.
ئاشکراشى کرد، لە فێستیڤاڵەکەدا 600 یەکە واتا کەپر بۆ بەرهەمى 700 خاوەن بەرهەم و جوتیار و هەنگەوان و دەستڕەنگین ئامادەکراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا چالاکى هونەرى و ئەسپسواریش بەشێک دەبن لە چالاکییەکان.
“ساڵى پار 270 هەزار میوان و گەشتیار روویان لە فێستیڤاڵەکە کردبوو و باى 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار کڕین و فرۆشتن کرابوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى ئەو کارئاسانیانەى لە بوارى هاتوچۆ و رێگاوبان و ئەو هەماهەنگییەى لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانى خوار و ناوەڕاستى عێراق کراوە، چاوەڕێ دەکرێت سەروو 300 هەزار میوان بێن و باى زیاتر لە 3 ملیار دیناریش بەرهەم بفرۆشرێت”، یاسین ئەحمەد واى وت.