ئۆڤەرپاسی کەلەکچی.. تاقانەکەی رێگەی دهۆک کە هێمای هاتوچۆی نییە

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

پێنج ساڵە ئۆڤەرپاسی کەلەکچی تەواوبووە بەڵام هیچ تابلۆیەکی هاتوچۆی بۆ دانەنراوە تا شوفێر بزانێت ئەو رێگایە بۆ کوێی دەبات. هاتوچۆی دهۆکیش دەڵێ: ئاگادار نین.

ئۆڤەرپاسی کەلەکچی لەسەر دووسایدی هەولێر دهۆک، لە 2019ـەوە کارەکانی تەواوبووە و بە فەرمی بە رووی شوفێران کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ تابلۆیەکی هاتوچۆی بۆ دانەنراوە.

کەرەم کەمال، دانیشتووی ناحیەی کەلەکچییە کە قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێت: سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئۆڤەر پاسەکەی بۆ دروستکردووین، کار ئاسانی هاتوچۆی زۆری بۆ کردووین، بەڵام نەبوونی تابلۆی هێمای هاتوچۆ گرفتی بۆ دروستکردووین.

زیاتر وتی “زۆرجار هەبووە خزم و ناسیار تەلەفۆنیان کردووە کە کام رێگە  لادەدات بۆ کەلەکچی، بۆیە داواکارین لە هاتوچۆی دهۆک تابلۆی هێمای هاتوچۆی لێدابنێن”.

تۆڕی964 دەزانێت، ئۆڤەرپاسی کەلەکچی تاکە ئۆڤەرپاسی دووسایدی دهۆک – هەولێرە کە هیچ تابلۆیەکی هاتوچۆی بۆ دانەنراوە، زۆرجاریش پۆلیسی هاتوچۆ لەژێر پردەکە کامێرای چاودێری داناوە.

 لەبارەی هۆکاری دانەنای هێمای هاتوچۆ، ئازاد تەها بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی دهۆک بە تۆڕی964ـی وت، ئاگاداری ئەو بابەتە نین، لەگەڵ ئەندازەی هاتوچۆ قسەدەکەین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

ناحیەی کەلەکچی ، یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای شێخان و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 45 هەزار کەس دەبێت و ساڵی 2014 بووە بە ناحیە.