نێچیرڤان بارزانى:
هیچ هێزێک لە کوردستان ئەوەندە کورسى نییە بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وێڕاى باسکردن لە سەرکەوتنى پڕۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەم، وتیشى،”خەڵکى کوردستان بردییەوە و ئێستا ئەرکى سەر شانى حیزبەکانە وەڵامى خەڵک بدەنەوە و حکومەتێکى خزمەتگوزار پێکبهێنن”.
لە دووەم رۆژى هەشتەمین دیدارى مێرى، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێم بەشدارى پانێڵێکى کرد و وتى،”پڕۆسەى هەڵبژاردن قۆناغێکى سەرکەوتوو بوو و خەڵکى کوردستان بردییەوە، بەشداریکردنى خەڵکیش بە رێژەى 72%، ئەرکى سەرشانى حیزبەکانى قورسکردووە”.
باسى لەوەشکرد، ئێستا تۆپەکە لە ساحەى حیزبەکانە و هاوڵاتیان ئەرکى سەرشانى خۆیان بەجێهێناو دەنگیان دا، بۆیە پێویستە لایەنەکان وەڵامى متمانەى خەڵک بدەنەوە و بەزووى حکومەت پێکبهێنن.
“هیچ هێزێک نەیتوانیوە بەشى ئەوە کورسى ببیاتەوە کە بتوانێت بەتەنیا حکومەت دروست بکات، بۆیە ئێستا هێزە سیاسییەکان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى زۆر گەورەدان و بتوانن لە ئاستى چاوەڕوانى متمانەى خەڵکدابن و قۆناغى بانگەشە تێ بپەڕێنن”، نێچیرڤان بارزانى واى وت.
ئاماژەى بەوەشکرد، قۆناغى دوو ئیدارەییان جێهێشتووە و دەبنە سفر ئیدارە، چونکە لە بانگەشەدا هەمووان لە هەر شوێنێک بیان ویستایە بانگەشەى ئازادانەى خۆیان دەکرد.