35 ساڵە ئەوە پیشەکەیەتی

منداڵانی سلێمانی لەلای بەدرییە لە دایک دەبن

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەدریە، ماوەی 35 ساڵە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی خزمەت بە دایكانی دووگیان دەكات و هێشتا دەڵێت، “ئەگەر تەمەن بگەڕێتەوە بۆ پێشتر هەمان كار هەڵدەبژێرێتەوە”، لەبەرئەوەی پیشەكەی خۆی خۆشدەوێت.

بەدریە مەولان-ی تەمەنی 57 ساڵ، تەمەنێكی بەخشیووە بە خزمەت كردن لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، سەرپەرشتی و پەرستاری بۆ بەشێك لە نەوەی چوار دەیەیی رابردووی شارەكەی كردووە و لە بەشی لە دایکبوونی نەخۆشخانەکە کاردەکات.

لە فیچەرێكی 964 كە بۆ پەرستاری كارامە، بەدریە مەولان ئەنجامدراوە باس لەوە دەكات، كە چەندان نەوەی شارەكە لەسەر دەستی ئەوان لە دایك بووە، ئەو دایكانەی لای ئەو منداڵەكانیان لەدایك بووە، بەهۆی متمانە و دڵنیاییان بۆ كارەكەیان ئێستا كچ و بوكەكانیان دەهێننەوە بۆ لایان، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی لە دایكبوونی منداڵەكانیان بۆ بكەن.

لەبارەی خۆشەویستی بۆ پیشەكەیەوە بەدریە وتی، نەخۆشخانەی منداڵبوون بەماڵی دووەمی خۆم دەزانم، زۆرجار لەماڵەوەشم دڵم لای دایكانی دووگیان و كۆرپەكانیانە، ئەو خۆشەویستییە بەردەوامی و سەركەوتنی لە پیشەكەمدا پێ بەخشیوم.

“ئەو كاتەی كۆرپەیەك بەسەلامەت دێتە دنییاوە زۆر خۆشحاڵ دەبین، لەبەرامبەردا زۆر دڵتەنگ دەبین، كاتێك دەبینین دایكێك چەند لەبارچوونێكی هەبووە و خەونی گەیشتن بەدایكایەتی لە دەستداوە”، بەدریە مەولان وای وت.

ئەو لە گێڕانەوەی چیرۆكەكانی و ئەزموونی رابردووی خۆی باسی لەوەكرد، كە ساڵانی نەوەدەكان بە نیوەشەو لەبەر رۆشنایی چراكان بە دوای كەسوكاری نەخۆشەكەدا دەڕۆیشتین بۆ ماڵەكان و مامانیمان بۆ دایكان دەكرد، دوای هەر لە دایكبوونێكیش دراوسێكانی ئەوسا حەڵوا و شیرینییان دەبەخشییەوە.

ئەو پەرستارە دانست عەتای وەكو نموونە هەڵبژارد بۆ سەردانیكردنی و ئارەزووی بینینەوەی پاش 25 ساڵ تەمەن، كە ساڵی 1999 لە بەردەستی خۆی لەدایكیبووە.

دانست عەتاش، كە بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی بینینەوەی بوو وتی، من بەدریە خانم بەقەد دایكم خۆش دەوێت و هەستێكی تایبەتم بۆی هەیە، هەر كاتێك دەیبینم دڵخۆش دەبم و ئەو ئەركی پێمانەوە كێشاوە و دەستی ماچدەكەم.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێ...

سەرتاشێکی هەولێر بەهۆی دەنگە خۆشەکەی موشتەری لێ نابڕێت