هاوکارییەکانی حکومەتیان پێدەدەرێت
نزیکەی 400 ھەزار دۆنم زەوی لە کەرکوک خرانە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە
964+
ژووری هەواڵ
نزیکەی 400 ھەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای کەرکوک خرانە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە و خاوەنی ئەو زەوییانە سودمەند دەبن لە هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق.
لە کەرکوک، سێ ملیۆن دۆنم زەوى کشتوکاڵى هەیە، یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوى لە نێو پلانى کشتوکاڵیدایە و یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى دیکەش کێشەى موڵکدارى لەسەرە.
پلانى کشتوکاڵى، واتا ئەو زەوییانەى کێشەى موڵکدارییان نیە و لەلایەن کشتوکاڵى کەرکوکەوە دانپێدا نراون.
چەندین ساڵ بوو بە بیانووی هەبوونی کێشەی خاوەندارێتی، حکومەتی عێراق هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی گوندی تۆپزاوای پارێزگای کەرکوک، کە خاوەنەکانیان کورد و تورکمانن، نەدەخستە ناو پلانی کشتوکاڵییەوە.
خاوەنی ئەو زەوییانە بێبەش بوون لە تەواوی هاوکارییە کشتوکاڵییەکانی حکومەت کە خۆی لە پێدانی پەینی کیمیایی و تۆو و پێداویستی دیکە دەبینێتەوە، هەروەها بەرهەمەکانیشیان لێوەردنەدەگیرا و دەبوو لە بازاڕی رەش بە هەرزانتر ساغیبکەنەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هەفتەی رابردوو واژووم لەسەر ئەو بڕیارە کرد کە بەهۆیەوە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوی دەخرێنە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە و سوودمەند دەبن لە هاوکارییەکانی حکومەت”.
پێشتر، ساتع ناسیح، نوێنەری جوتیارانی کوردی گوندی تۆپزاوا بە 964ـی راگەیاند، بەو بڕیارە حکومەتی عێراق گەنمی ئەو زەویانە وەرناگرێت و جوتیارەکان ناچار دەبێت لە بازاڕی رەش هەر تۆنێک بە نزیکەی 300 هەزار کەمتر بە بازرگانەکانی بفرۆشن.