بەڕێوەبەری بازرگانی وەڵام دەداتەوە
تاچەند هێرشەکەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم و ئێران هەبووە؟
964+
شۆڕش قادری
شەڕ و ئاڵۆزییەکان هەمیشە کاریگەریان لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک هەبووە و مایەی نەهامەتی بوون، هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران و ئیسرائیلیش تاڕادەیەک کاریگەری لەسەر بازاڕ و بەتایبەتیش بازاڕی دراو دروستکرد.
سەبارەت بە هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە 964ـی وت، “هێرشەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە”.
“ئەوەندەی ئاگادارین، هاتوچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکان لە هەر سێ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان ئاساییە و هیچ شتێکی ئەوتۆ رووی نەداوە”، نەوزاد شێخ کامیل وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران لە پەرەسەندنـدایە و بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی باش زیادی کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 26.10.2024 ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی ئێرانی لە پارێزگاکانی تاران و خوزستان و ئیلام بۆردومان کرد و دواتر سوپای ئێران رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی کەمی هەبووە و تەنیا چوار سەربازیان کوژراون.