بەرەو هەڵبژاردنە گەورەکەى دنیا
چۆن سەرۆکى ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت؟
964+
ژووری هەواڵ
ملیۆن و دوان و سێ ملیۆن دەنگ زیاتر بهێنە، بەڵام هەر نابیت بە سەرۆک، لە ئەمەریکا کە دەنگی زیاترت هێنا مانای ئەوە نییە کورسی سەرۆکایەتیت مسۆگەر کردووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ وایە؟
لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا ساڵی 2016 هیلاری کلنتنی پاڵێوراوی دیموکراتەکان نزیکەی سێ ملیۆن دەنگی لە ترەمپ زیاتر بەدەسهێنا، کەچی ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، سەیرە، وانییە؟، بەڵام بۆ؟.
ئەمریکا خاوەنی دانسقەترین سیستەمی هەڵبژاردنە، بەهیچ شێوەیەک خەڵک راستەوخۆ دەنگ نادات بە سەرۆک، لە دەستوری ساڵی 1778 ئەم سیستەمە داندراوە، دامەزرێنەرانی ئەمریکا پێیان باش نەبوو خەڵک راستەوخۆ سەرۆک هەڵببژێرێت، وەک چۆن بە باشیشیان نەزانیوە سەرۆک لەلایەن کۆنگرێسەوە دیاری بکرێت، بۆیە رێگای سێیەمیان دۆزیوەتەوە.
لە ئەمریکا دەستەیەک هەیە پێی دەوترێت (دەستەی هەڵبژاردن) ئەمانە لە (538) ئەندام پێک دێن، بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران پێکەوە، خەڵکی ئەمریکا دەچن دەنگ بەم نوێنەرانە دەدەن ئەمانیش دواتر سەرۆک هەڵدەبژێرن، هەر کاندیدێک 270 دەنگ بەدەست بهێنێت ئەوا دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
سیستەمی هەڵبژاردنی نوێنەرەکان بەم شێوەیەیە، هەر یەکێک لە حیزبەکان دەنگی زۆرینەی ویلایەتێک بەدەست بهێنن ئەوا هەموو نوێنەرەکان بۆ ئەوانە، بۆ نموونە کالیفۆرنیا 55 نوێنەری هەیە، هەر حیزبێک دەنگێک زیاتر بەدەست بهێنێت ئەوا هەر 55 نوێنەرەکە بۆ ئەو دەچێت، تەنیا لە (نبراسکا)و (ماین) ئەم سیستەمە پەیڕەو ناکرێت.
دەستەی هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێک ئیشیان هەیە، لە رۆژی 14ـى مانگی 12 کۆدەبنەوەو سەرۆک و جێگرەکەی دیاری دەکەن، دوای ئەوە ئیشیان نامێنێت.
هیلاری هەشت ساڵ پێش ئێستا بوو بە کوشتەی دەستی ئەم سیستەمە، پێشتریش لە ساڵی 2000 ئاڵگۆڕ 500 هەزار دەنگی زیاتر هێنا لە بوش، کەچی بوش بووە سەرۆک.