"ساڵه‌خانی"یه‌كەی ركابه‌رى نییه‌

رۆژانه‌ زیاتر له‌ 40 تۆن هه‌نارى هه‌ڵه‌بجه‌ ره‌وانه‌ى بازاڕه‌كانى هه‌رێم و عێراق ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌نارى به‌ناوبانگى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ره‌و بازاڕه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ڕێده‌كرێت و نوێنه‌رێكیش له‌ عه‌لوه‌ى ئه‌م پارێزگایه‌ ده‌ڵێت، زۆربه‌ى ئه‌و هه‌ناره‌ى ده‌نێردرێت له‌ جۆرى ساڵه‌خانییه‌.

ساڵه‌خانى، جۆرێكی به‌ناوبانگى هه‌نارى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ له‌ تام مێخۆش و ترفێكی ته‌نك، له‌ ره‌نگ سه‌ره‌نجڕاكێشه‌، یه‌كێكه‌ له‌و جۆرانه‌ى كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى له‌ هه‌نار پێ ده‌ناسرێته‌وه‌.

حاجى نه‌ریمان، نوێنه‌رێكی عه‌لوه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ به‌ 964ـى وت، رۆژانه‌ لانیكه‌م 10 تۆن هه‌نار ته‌نیا له‌ناو عه‌لوه‌وه‌ به‌شێوه‌ى فه‌رمى بۆ پارێزگاكانى عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، زۆربه‌شیان ساڵه‌خانین.

وتیشی “له‌ ده‌ره‌وه‌ى عه‌لوه‌ش زیاتر له‌و رێژه‌یه‌ له‌ باخچه‌كان ده‌نێردرێت كه‌ له‌لایه‌ن بازرگانانى هه‌ناره‌وه‌ له‌ جوتیاران ده‌كڕدرێت و راسته‌وخى ده‌ینێرنه‌ بازاڕه‌كان”.

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ جوتیارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستیان به‌ رنینى هه‌ناره‌كانیان كردووه‌، به‌شی زۆرى ئه‌م هه‌نارانه‌ له‌ بازاڕه‌كان ساغ ده‌كرێنه‌وه‌ و به‌شێكی كه‌میشی به‌رهه‌مه‌كانى سركه‌  و شه‌ربه‌تى هه‌نارى لێ دروست ده‌كرێت.

حاجى نه‌ریمان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌نارى ئه‌مریكیش كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رهه‌مده‌هێندرێت بازاڕى كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستى هه‌نارى ساڵه‌خانى.

بە پێی ئه‌و ئامارەی كه‌ پێشتر 964 له‌ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە وه‌رگرتووه‌، له‌سنوورى ئه‌م پارێزگایه‌ 10 هەزار و 600 دۆنم زەوی بە باخی هەنار داچێنراوە.

سەرمای هەورامان دروستکردنی رووبەهەناری پێشخست

سەرمای هەورامان دروستکردنی رووبەهەناری پێشخست