کۆتا داتایە
لە شەمێران 150 کیسە و فەردە زبڵ و خاشاک کۆکرانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
پارێزەرانی ئاو دواین داتای کۆکراوەی زبڵ و خاشاکی لە ناوجەی شەمێران بڵاوکردەوە، کە لە پرۆژەی بەهێزکردنی کوردستان بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و داکۆکیکردن لە ژینگە، چوارەمین هەڵمەتی پاککردنەوەیان بۆی ئەنجامدا.
رێکخراوەکە و خۆبەخشەکانی 150 کیسە و فەردە زبڵ و پاشماوەیان لە ماوەی یەک رۆژدا کۆکردووەتەوە.
لە هەڵمەتەکەدا نزیکەی 50 خۆبەخش بەشداریان کرد، لە لایەن رێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق- کوردستان و رێکخراوی سروشتی کوردستان و قوتابخانەی بیردۆزی نمونەیی بەشداربوون و ژینگەی ناوچەکە لە پاشماوە و پیسییەکان پاککرایەوە.
پارێزەرانی ئاو لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ شەممە 26.10.2024، سوپاسی خۆبەخشەکانیان دەکات کە توانیویانە پێکەوە کارێکی مرۆڤانە بکەن و کاتێکی خۆش و لەبیرنەکراو بەسەربەرن لە پاککردنەوەی ژینگەی ناوچەکە.
پرۆژەی بەهێزکردنی کوردستان بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و داکۆکیکردن لە ژینگە لەلایەن Sida (دەزگای هاوکاری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سویدی) بە هاوبەشی لەگەڵ NPA (دەزگای یارمەتیدانی گەلی نەرویج) وەک هاوبەش، لەگەڵ رێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق (WKI) وەک لایەنی جێبەجێکار بەڕێوەدەبرێت.