ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون
شەش کەس بە بۆردومانی فڕۆکەی تورکیا گیانیان لەدەستدا
+964
هێڤی دێوالی – دهۆک
لە درەنگانی شەوی رابردووەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زیاتر لە شەش جار چیای شنگال و دەوروبەریان بۆردومان کرد، ئەندامی خۆسەری شەنگالیش دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە شەش کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
درەنگانی شەوی رابردوو و تاکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 2024.10.25 ،زیاتر لە شەش جار چیای شەنگاڵ لەگەڵ گوندەکانی “ سکێنیێ، بارێ، چل مێران، قەندیل و کۆمەلگەها دوگرێ” بۆردومان کراون.
حەسۆ ئیبراهیم، ئەندامی ئیدارەی خۆسەری شنگال بە 964ـی وت، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردومانێکی یەکجار بەهێز لە سنوورەکە هەبوو، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، شەش کەس کوژراون کە پێنجیان ئێزدی و یەکێکیان هاوڵاتییەکی عەرەبە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا ژمارەی بریندارەکان بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە”.
وتیشی، “دوو شەو پێش ئێستاش لە گوندی دۆگرێ خانوویەک بۆردومانکرا، ژنێک لەگەڵ منداڵەکانی برینداربوون، تەنیا برینی ژنەکە سەختە و منداڵەکان سەلامەتن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو رۆژە لە درەنگانی شەو سنووری شەنگاڵ بەبەردەوامی بۆردومان دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، نەخۆشخانەی سنونێ لە شەنگال، کوژرانی پێنج کەسی بۆ پەیامنێری 964 پشتڕاستکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر