وردەکاری و ژمارەکان لە 964

کورسیی کۆتای ژن لە پەرلەمانی کوردستان چۆن دیاریی دەکرێت؟

964+

ژووری هەواڵ

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و هێشتا ئەنجامی كۆتایی رانەگەیەندراوە، بەڵام شێوازی دابەشبوونی كورسییەكانی ئەمجارەی پەرلەمان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و لە 111 كورسییەوە بووە بە 100 كورسی، هەروەها دەبێت 30%ی كورسییەكان بۆ ژنان بێت.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە چۆن ئەم 30%ی كورسییەكانی ژنان بەسەر لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دابەش دەكرێت،

یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لە بابەتێكی پڕ روونكردنەوەدا وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و 964 نووسینەكەی بڵاودەكاتەوە.

بەپێی مادەی (22- 1)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، نابێت ژمارەی ئەندامانی ژن لە پەرلەمانی کوردستان لە (30%) کەمتر بێت. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رێکخستنی چۆنیەتیی دابەشکردنی کورسییەکان و گۆڕینی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، پەیڕەوی ژمارە (9)ی ساڵی 2024ی دەرکردوە کە لە (مادەی 3- سێیەم) دا ئاماژەی بە چۆنیەتی دیاریکردنی کورسیی کۆتای ژن بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کردووە، بە شێوەیەک کە دەستەبەری لانی کەم (30%)ی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بکات، بەم شێوەیە:
1. ئەگەر کۆتای ژن لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن دەستەبەر بوو، ئەوا هیچ ئاڵوگۆڕێک ناکرێت.
2. ئەگەر بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن کۆتای ژن دەستەبەر نەبوو، ئەوا پیاوێکی سەرکەوتوو یان زیاتری هەر لیستێکی کراوە دەگۆڕدرێت بە ژنێک یان زیاتری هەمان لیست، کە سەرنەکەوتوون و زۆرترین دەنگیان لە ناو کاندیدە ژنەکان بەدەست هێناوە بە سێ قۆناخ، کە بەدوای یەکدا دێن و پێویستە هەر قۆناخێک تەواو بکرێت، ئەگەر هێشتا پێویست بوو و کۆتای ژن پڕ نەکرابووەوە، ئەوا قۆناغی دوای ئەوە دەگیرێتەبەر بەم رێکارانە:
‏a. بەرکەوتەی کۆتای ژنی هەر لیستک لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بە دابەشکردنی ژمارەی ئەو کورسییانەی بەدەستی هێناوە بەسەر (3) دیاری دەکرێت، بەڵام ژمارەی دوای فاریزە هەژمار ناکرێت.
‏b. ئەگەر ژمارەی کورسیی کۆتای ژن بە قۆناخی (a) تەواو نەبوو، ئەوا کورسیی دووەمی ئەو لیستانەی دوو کورسییان بەدەست هێناوە بۆ کۆتای ژن تەرخان دەکرێت، لەو قەوارانەی دەنگی کەمتریان بەدەست هێناوە بۆ سەرەوە.
‏c. ئەگەر پاش ئەو دوو قۆناغەی سەرەوە، هێشتا کۆتای ژن دەستەبەر نەبوو، ئەوا کورسیی ئەو لیستە کراوانەی یەک کورسییان بەدەستهێناوە بۆ کۆتای ژن تەرخان دەکرێت لەو قەوارانەی، کە دەنگی کەمتریان بەدەست هێناوە بۆ سەرەوە.
3. ئەو ژنانەی بە دەنگی خۆیان دەردەچن، جا چ لە لیستە کراوەکان بن، یان لیستە تاکەکەسییەکان، لە ریزی کۆتای ژن هەژمار دەکرێن.
4. کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە سیستمی کۆتای ژن هەڵاوێرد کراون.
5. کۆمیسیۆن لە خشتەی چۆنیەتیی دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان لە مادەی (2- دووەم)ی پەیڕەوی ژمارە (9)ی ساڵی 2024، ژمارەی کورسیی کۆتای ژنیشی دیاری کردووە بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، کە سەرجەمی دەکاتە (30) کورسی، کە ئەمەش دروست دەکاتە (30%)ی کۆی کورسییەکانی پەرلەمان، کە 100 کورسییە.
بە رەچاوکردنی ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ئەگەر دەرەنجامەکان هەر وەک دەرەنجامە بەراییەکان بن و گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسیی لیستەکان دروست نەبێت، ئەوا بەرکەوتەی کۆتای ژنی لیستەکان بۆ هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکەی هەرێم بەم شێوەیەیە:

1. بازنەی سلێمانی:
‏a. ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: 36.
‏b. لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: 11 .
بڕوانە خشتەی ژمارە (1)
2. بازنەی هەولێر:
‏a. ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: 32.
‏b. لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: 10.
بڕوانە خشتەی ژمارە (2)
3. بازنەی دهۆک:
‏a. ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: 24.
‏b. لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: 8.
بڕوانە خشتەی ژمارە (3)
4. بازنەی هەڵەبجە:
‏a. ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: 3.
‏b. لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: 1.
بڕوانە خشتەی ژمارە (4)