چه‌ندین مه‌رجى بۆ داناوه‌

حه‌ج و عومره‌ى دهۆک شێف بۆ ئاماده‌كردنی خواردنى حاجیان داده‌نێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى حه‌ج و عومره‌ى دهۆك ئاگادارییه‌كى ئه‌و شێفانه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ن له‌ وڵاتى سعودیه‌ كارى ئاماده‌كردن و چاودێریی خواردنى حاجیان بكه‌ن بۆ وه‌رزى حه‌جى 2025.

چه‌ندین مه‌رجى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌ كه‌ خوازیارن ئه‌و كاره‌ن، له‌وانه‌ش شاره‌زایی ته‌واوى هه‌بێت له‌ چۆنیه‌تى ئاماده‌كردنى خواردن و كه‌سه‌كه‌ له‌ رووى ته‌ندروستییه‌وه‌ هیچ كێشه‌ و گرفتێكی نه‌بێت و ناودار بێت و خاوه‌ن ره‌وشتێكى به‌رز بێت.

پێویسته‌ داواكار پابه‌ندی ته‌واوى رێنمایی و مه‌رجه‌كانى حه‌ج و عومره‌ى دهۆك بێت و له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ده‌ربچێت، كه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنى شێفه‌كه‌ داندراوه‌ و بڕێك پاره‌ش وه‌ك بارمته‌ دابنێت.

ته‌مه‌نى له‌ 20 تا 55 ساڵان بێت و خاوه‌نى هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى فه‌رمى خۆی بێت.

ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بەرایه‌تیى حه‌ج و عومره‌ى دهۆكە، فیزا و شوێنى مانه‌وه‌ و خواردن بۆ شێفه‌كه‌ دابین ده‌كات و له‌سه‌ر خۆشیه‌تى تێچووى حه‌جكردنى خۆى دابین بكات.

هه‌ر كه‌سێك وه‌ك شێف ده‌رچوو، پێویسته‌ زمانى عه‌ره‌بی بزانێت و بۆیشى نییه‌ پاشگه‌زببێته‌وه‌، ده‌نا رووبه‌ڕووى رێكارى یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

له‌سه‌ر شێفه‌كه‌یه‌ له‌ عه‌ره‌بستانى سعودیە بۆ ماوه‌ى 24 كاتژمێر له‌ شوێنی كاركردنیان ئاماده‌ییان هه‌بێت و رۆژانه‌ش تێبینییه‌كان و سه‌رنجى حاجیان له‌سه‌ر خواردنه‌كانیان وه‌ربگرێت و كاریان له‌سه‌ر بكات.

هه‌ركه‌سێك خوازیارى ئه‌م كاره‌یه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، ده‌توانێت له‌ رێكه‌وتى 27.10.2024 تا 10.11.2024 سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى حه‌ج و عومره‌ بكات، بۆ وه‌رگرتنى فۆڕم و له‌ به‌شی كاروباری یاساییش گرێبه‌ست واژۆ بكات.

"لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە نەبێت گەشتى عومرە مەکەن"