"بە فاکتەری سەقامگیری دەمێنینەوە"
نێچیرڤان بارزانی دەڵێ پێویستە حکومەت زوو پێک بهێنرێت
964+
ئەحمەد مستەفا
لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی کرد، پاشتر بۆ میدیاکان قسەی کرد و وتی، پێویستە حکومەتی نوێ زوو پێک بهێنرێت.
هەرێمی کوردستان، سیستمی حکومڕانی تێیدا پەڕلەمانییە کە پاش هەڵبژاردنی، پەڕلەمان متمانە بە حکومەت دەدات و سەرۆکی هەرێمەکەش سوێندی یاسایی تێدا دەخوات.
ئێستا خەڵک لە هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان دەدەن و ئەمڕۆ 20.10.2024 رۆژی دەنگدانی گشتییە و پاش دەنگدان پەڕلەمان متمانە بە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە قسەکانیدا سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد و وتی، پەرۆشبوون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
لەسەر بەشداری لە دەنگدان، ئەو داوای کرد، خەڵک ئەگەر نیگەرانیش بن روو بکەنە سندوقەکانی دەنگدان، چونکە سەرچاوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و باشترە وەک مافێک لە دەنگدان بڕوانن و بە بەرپرسیارێتی تێیی بگەن.
لەبارەی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، نێچیرڤان بارزانی وتی، هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتووش بە فاکتەری سەقامگیری دەمێنێتەوە و هەوڵدەدەین، ئەو ئاڵۆزییەی هەیە نەگاتە عێراق.