رێگەی پێنجوێن – سلێمانی
سێ كەس لە رووداوێكی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست دا
964+
كامیار كەمال
هێمن ئیبراهیم قایمقامی پێنجوێن بە وەكالەت، بە 964ی راگەیاند، كەمێك پێش ئێستا لە رووداوێكی سەختی هاتوچۆدا لە رێگەی پێنجوێن – سلێمانی، سێ كەس گیانیان لەدەست دا و دوو كەسیش بریندار بوون.
وتیشی، رووداوەكە لە نزیك گوندی تەڕاتەوەن لە خوار ناڵپارێز روویداوە و لە نێوان بارهەڵگرێكی جۆری فلاتی ئێرانی و ئۆتۆمبێلێكی نیسان بووە، بە هۆیەوە سێ كەس گیانیان لەدەست داوە و دوو كەس بریندارن، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەوانەی بەركەوتوون خەڵكی كوێن.
قایمقامی بەوەكالەتی پێنجوێن زانیاریی زیاتری دا و وتی، تەرمی مردووەكان و دوو بریندارەكەش رەوانەی نەخۆشخانەی سەیدسادق كراون.
بەڵام کەمال سەعدون بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە 964ی راگەیاند، ئەو سێ کەسەی گیانی لەدەستداوە، دوو ژن و منداڵێک بوون و بریندارەکانیش دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و رەوانەی سلێمانی کراون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا