لەلایەن هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوەکان
تا کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ 78 پێشێلکارى لە دەنگدانى تایبەت تۆمار کراوە
964+
وریا فەتاح
لەلایەن هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە 964 سپۆنسەرى دەکات، تا کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ، 78 پێشێلکارى لە دەنگدانى تایبەتدا تۆمار کراوە.
هۆگر چەتۆ، رێکخەرى تۆڕى شەمس کە ئەندامى هاوپەیمانێتى تۆڕ و رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ چاودێریکردنى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بە 964ـى وت،” تا کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەوە 78 پێشێلکارى لە دەنگدانى تایبەت تۆمارکراوە کە خۆى دەبینێتەوە لە پێنج جۆرى پێشێلکارى”.
جۆرەکانى پێشێلکارى ئەمانە بوون:
یەکەم: پڕووپاگەندەى هەڵبژاردن و بانگەشە لە بەردەم بنکەکانى دەنگدا کە 30 خاڵەت تۆمارکراوە.
دووەم: پێشێلکارى نهێنى دەنگدان و بردنە ژوورەوەى مۆبایل کە 13 حاڵەت تۆمارکراوە.
سێیەم: پێشێلکارى دوورخستنەوەى بریکارى لایەنى سیاسى و چاودێر لە بنکەى دەنگدان.
چوارەم: حاڵەتى شەڕ و ناخۆشى لە نێوان هێزى ئەمنى و بەرپرسى بنکە و وێستگەى دەنگدان و شەڕى لەگەڵ بریکارى سیاسى.
پێنجەم: پێشێلکارى فەوزاى چوونە ژوورەوەى دوودوو و سێ سێ بۆ بنکەى دەنگدان.
وەک ئەوەى هۆگر چەتۆ باسى دەکات، هەموو پێشێلکارییەکانیان بە بەڵگەوە تۆمار کردووە و کۆمیسیۆنیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.
“سبەینێ بە راپۆرتێکى تێروتەسەل کۆى پێشێلکارى و جۆرەکانیان و ئەو شوێنەى پێشێلکارییەکەى لێ تۆمارکراوە، بڵاودەکەینەوە”، هۆگر چەتۆ واى وت.
رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تا کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ بەم شێوەیە بووە:
دهۆک 77٪
هەولێر 70٪
سلێمانی 67٪
هەڵەبجە 64٪