10 رۆژ دەخایەنێت

خورماتوور هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ سەلامەتی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ و مرۆڤه‌كان

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ڤێتێرنەری و تەندروستی خورماتوو، لەمڕۆوە هەڵمەتێکی چڕی کوتان و پێدانی ڤاکسینی دژە نەخۆشی بۆ سەرجەم باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵەکانی سنوورەکە دەستپێکردووه‌، به‌پرسی راگه‌یاندنیش ده‌ڵێت، زۆربه‌ى شوێنه‌كان ده‌گرێته‌وه‌.
لە سنووری دوزخورماتوو زیاتر لە 15 کێڵگەی پەلەوەر و زیاتر لە 100 شوێنی بەخێوکردن و فرۆشتنی باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵ لەناوەندی قەزاکە هەیە.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ رێگری بکرێت لە بڵاوبوونه‌وه‌ى نەخۆشییەکانی ئەنفلۆنزا گواستراوەکان و تای خوێنبەربوون، كه‌ له‌ناو ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان هه‌یه‌.

نەجم هادی، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی ڤێتێرنەری خورماتوو بە964ـی وت، هەڵمەتەکەیان جگە لە کێڵگە پەلەوەرییه‌كان، شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەش دەگرێتەوە.

وتیشی “لەگەڵ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و وەرزه‌كاندا چەند جۆرێکی نەخۆشیی پەیدا دەبن، کە زۆرێک لە ئاژەڵەکان تووشی دەبن و جۆرە ڤایرۆسێک لە جەستەیان په‌یدا ده‌بێت، ئەمەش دواجار لە کاتی سەربڕین و بەکارهێنانی گۆشتەکەی مرۆڤ توشی نەخۆشی دەکات”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئامانجی تیمەکان ئەوەیە پێش ئەوەی هەر مرۆڤێک تووشی ئەو جۆرە نەخۆشییانە ببێت، پێشوەختە و بە بەکارهێنانی دەرمانی پێویست بە دەرمانی دژە زیندەیی رێگەی لێبگرن و ده‌شڵێت “بۆیه‌ پێویسته‌ سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی قەزاکە بکوترێن بۆ ئەوەی پارێزراوبن”.

بە قسەی ئه‌م به‌رپرسه‌ى ڤێتێرنەری، لە سبەینێوە هەڵمەتەکەیان فراوانتر ده‌کەن و تا 10 ده‌خایه‌نێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن