24 کیلۆمەترە

قیرکردنەکەی دوانزەئیمام دەستی پێکرد و گوندەکان رۆژیانە

964+
ئەحمەد مستەفا

رێگاوبانی گەرمیان دەستی بە قیرکردنی رێگەی دوانزە ئیمام بۆ قەرەبڵاغ کرد و بڕیار وایە بە درێژایی 24 کیلۆمەتر قیر رابکێشن.

بەهۆیەوە زیاتر لە 11 گوند دەبنە خاوەن رێگای قیر و دەحەسێنەوە.

رێگاوبانی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە 16.10.2024، لە بڵاوکرداوەیەکدا دەڵێت، رێژەی ئەنجامدرا و لە پرۆژەکەدا گەیشتووه بە 30%، ئەو رێگایە رێگـایەکى گرنگ و ستراتیژییە کە دەبێتە هۆى بەستنەوەى ناحیەى کۆکس بە شارى کفرییەوە.

لە رووى کارگێڕییەوە ئەو ناحیە سەر بە قایمقامیەتى قەزاى کفرییە، بەڵام رێگاوبانی گەرمیان دەڵێت، لە ئێستادا بەهۆى نەبوونى رێگاوە دانیشتووانى ئەو ناحیە ناچار دەبن رێگایەکى دوور و درێژ بەسەر شارى کەلار و ناحیەى رزگارى و ناحیەی سەرقەڵادا ببڕن تاوەکو دەگەنە ئەو شارە.

"قیرتاوكردنی رێگای قەڵادزێ – ئیسێوە كەمتر لە ساڵێك دەخایەنێت"

بەهۆی ئەو رێگایەوە، زیاتر لە 11 گوندی سنوورەکە سوومەند دەبن، لەوانە (دوانزە ئیمام، رەحیم وەرقە، سەید حسین، چەتاڵ، ئاوایی سالم، یڵانجی، پیرە فەقیرە، كوێخا حەسەن، قەرەبڵاغ، شێخ لەنگەر و بان ئاسیاو) چەند گوندێکی دیکە، بە قسەی رێگاوبان بێت دەبێتە هۆى بووژاندنەوەى کەرتى کشتوکـاڵیش لە ناوچەکە.

پرۆژەکە، لەلایەن بەرێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتى دەکرێت وە لەلایەن کۆمپانیاى ژالیانەوە جێبەجێ دەکرێت، کە کۆی گوژمەکەی شەش ملیار و 951 ملیۆن و 398 هەزار و 700 دینارە.