وەختی دروێنەیە

کونجییەکەی شارەزوور بڕشتی باشە و بەدڵی حەمەخانە

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

لە گوندی موان و لە دەشتی شارەزوور، لەناو خاکە پان و لەبار و بەپیتەکەدا، ژمارەیەک جوتیار دەستیان کردووە بە دروێنەکردنی کونجی و زۆرینەش سەرەڕای سەختی ئاودانی، بەڵام ئەوەی بەرهەم هاتووە بە دڵیانە.

کشتوکاڵی شارەزوور داتای ئەوەی کردووە، ئەمساڵ بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان بە کونجی چاندراون، ئیتر ئێستا سەرقاڵی دروێنەکردنین.

حەمەخان ئەحمەد، جوتیارێکی گوندی موانی مەلاتاهیرە، لە سنوری دەشتی شارەزوور بۆ 964 ئەوەی وت، “لەدوای دروێنەکردنی گەنم و لە مانگی حوزەیران و سەرەتای تەمموز کونجی دەچێنن و بەگوێرەی جۆری زەوییەکەیە لە حەوت رۆژ جارێک بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرێت”.

بەڵام ئەو وتی، “ئێمە ئەمساڵ هەشت جار ئاوی کونجییەکەمان داوە، سوپاس بۆ خودا بەرهەمێکی باشی هەبووە، جۆری ئەو کونجییەی ئێمە چاندومانە شەش پەڕە- ی پێ دەڵێن و بڕشتێکی باشی هەیە”.

نرخی کونجی لە بازاڕەکانی شارەزوور بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەزار و 250 دینار دابەزیوە، بە جۆرێک ساڵی پار کیلۆی بە سێ هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ یەک کیلۆی بە دوو هەزار و 250 دینارە، لە گوندی موانی مەلاتاهیر جگە لە کونجی بەرهەمی گەنم، جۆ، ماش و بامێش دەچێنرێت، بەڵام ساڵانێکە بەهۆی کەم ئاوییەوە مەرەزەی برنجی تێدا ناکرێت.

ئەو کونجییە بەرهەمهاتووە، رەنگی زەرد باوە، حەمەخان وتی، “لەناو زەوییەکە دەیبڕین و بەتراکتۆر دەیهێنن لەسەر نایلۆنێک دایدەنێین و هەڵی دەخەین بۆ ماوەی سێ رۆژ بۆ ئەوەی وشکبێتەوە، بەشێکی دەمی گوڵەکانی دەکرێتەوە و کونجییەکەی دەکەوێتە سەر نایلۆنەکە، یان بەدەراسە کونجییەکە لە دارەکەی جیا دەکرێتەوە یان بە دەست چەند جارێک دەیتەکێنین”.

پاش ئەو پڕۆسانە، کونجییە بەرهەم هاتووەکە دەدرێت لە هەباشە و پاکی دەکات، لە تۆز و خۆڵ و پێکهاتەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە و ئامادە دەبێ بۆ بەکارهێنان.  ئەوە لە کاتێکدا لە سنوری قەزای شارەزوور دوو هەزار و 156 جوتیار هەیە، کە ساڵانە لە 54 هەزار و 66 هەزار دۆنم زەوی دەیم و 18 هەزار و 127 دۆنم زەوی بەراو بۆ کشتوکاڵ کردن بەکاردەهێنن، کە بەسەر 42 گوندی سنورەکەدا دابەشبوون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا