به‌ڵام كێشه‌ى میلاكی هه‌یه‌

‌بنکه‌ی ته‌ندروستییه‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ى ناحیه‌ى دینارته ‌كرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ناحیه‌ى دینارتە، بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستى له‌ جۆرى A كه‌ پێشكه‌وتووى پێده‌ڵێن، كرایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ ده‌ڵێت، كێششه‌یان له‌ میلاكدا هه‌یه‌.

بنكه‌كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى دوو دۆنم زه‌وى دروستكراوه‌ و هۆڵه‌كانى له‌دایكبوونى منداڵان و نه‌شته‌رگه‌رى و فریاكه‌وتن و به‌شه‌كانى پشكنینى سۆنه‌ر و تیشك و هۆڵى نووستنیشی تێدایه‌، كه‌ شوێنى 12 نه‌خۆش ده‌بێته‌وه.

سه‌ربه‌ست سه‌برى، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى دینارته‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ بنكه‌یه‌ان كردووه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستیش قسه‌ى كردووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خشیان له‌ بنكه‌كه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ دابمه‌زرێن و وه‌ك میلاكی بنكه‌كه‌ ده‌وام بكه‌ن.

وتیشی “وه‌زیر به‌ڵێنى داوه‌ كه‌ ئه‌م خۆبه‌خشانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ دابمه‌زرێنێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد، تاوه‌كو ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ داده‌مه‌زرێن به‌شێوه‌ى خه‌فاره‌ت ده‌وام ده‌كه‌ن.

بودجه‌ى دابینكراو بۆ دروستكردنى بنكه‌كه‌ بریتی بووه‌ له‌ یه‌ك ملیار و 270 ملیۆن دینار‌.

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ به‌ 964ـى وتبوو، هاوڵاتیانیان بۆ هه‌ندێك چاره‌سه‌ر روویان له‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانى قه‌زاى ئاكرێ ده‌كرد، به‌ڵام به‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌م بنكه‌ نوێیه‌ بارگرانیش له‌سه‌ر ئاكرێ نامێنێت.

له‌ سنوورى ناحیه‌ى دینارته‌ 97 گوند هه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا له‌ 78 گونددا ژیان هه‌یه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌مووى چۆڵكراون، ژمراه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى به‌گشتى 32 هه‌زار كه‌سه‌‌.