100 هاوڵاتی دیكە رێگەپێدانی زەوی سندوقییان وەرگرت، فۆتۆ: پارێزگای هەولێر
تا ئێستا چەند كەس وەریانگرتووە؟
100 هاوڵاتی دیكە رێگەپێدانی زەوی سندوقییان وەرگرت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەولێر 100 هاوڵاتی دیكە رێگەپێدانیان وەرگرت بۆ دروستكردنی خانوو لەسەر زەوی سندوقی و حەرەمی گوند.
پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە 13.10.2024 رایگەیاند، “لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندوقییەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، لە رێوڕەسمێکدا وەک قۆناغى پێنجەم (100) رێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندوقی رادەستى خاوەنەکانیان کرا”.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و 356 هاوڵاتى سوودمەندبوونە لە رێگەپێدان بە زەوى سندوقى و حەرەمى گوند و فراوانکردنى.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەو بڕیارە كارئاسانییە بۆ هاوڵاتییانى هەژار و کەمدەرامەت، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون.
لە بارەی سوودمەندبووان لە بڕیارەكە، كە رەزامەندی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بۆ وەرگیراوە، تا ئێستا لە زەوى سندوقى دوو هەزار 774 هاوڵاتى، نۆژەنکردنەوەى خانوو 657 هاوڵاتى و رێگەپێدان لەناو حەرەمى گوند، دوو هەزار و925 هاوڵاتی سوودمەند بوون.
هەروەها ئەوەش روونكراوەتەوە، “پرۆسەی رێگەپێدان بۆ ئەو زەوییانە دەبوو لە 1.9.2024 کۆتایی پێ بێت، بەڵام لە پێناو زەمینەخۆشکردن بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا دەستیان بە مامەڵەکانیان نەکردووە، تا 1.12.2024 درێژ کراوەتەوە”.