لە هەر قوتابخانەیەک دەرمانخانەیەک دادەندرێت
رێنمایی و کوتانى منداڵان لە خورماتوو دەستیپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە قەزای خورماتوو ھەڵمەتێکی بەرفراوانی تیمەکانی تەندروستی لە ناو قوتابخانەکانی قەزاکە بۆ پشکنین و کوتانی منداڵان لە نەخۆشییە وەرزییەکان و گوازراوەکان دەستیپێکردووە، بڕیارە لە هەر قوتابخانەیەكیش دەرمانخانەیەک دابنرێت.
محەمەد ئەکبەر، بەرپرسی کەرتی تەندروستی خورماتوو بە 964ـی وت، ھەڵمەتەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئامانج لێى ئەوەیە رێگرى بکرێت لە تووشبوونى منداڵان بە پەتاى وەرزى و گواستراوەکان، بەتایبەت لە ناو قوتابخانە سەرەتاییەکاندا.
وتیشی “هەڵمەتەکەیان جگە لە پێدانی رێنمایی تەندروستی بۆ منداڵان، لە ناو هەر قوتابخانەیەکیشدا دەرمانخانەیەک بە تەواوی پێداویستی تەندروستیەوە دادەنرێت، بۆ زیاتر پاراستنی تەندروستیان و بنبڕکردنی نەخۆشییە گواستراوەکان لە ناو قوتابیاندا”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر هاوڵاتییەک گومانی نەخۆشی جۆراوجۆر لە منداڵەکەی بكات، دەتوانێت سەردانی نەخۆشخانە بکات و پێداویستی و چارەسەری بە خۆڕایی پێدەدرێت.
ساڵانە نەخۆشی گوازراوە و پەتا لە نێو منداڵان بڵاودەبێتەوە و ئەمساڵ تیمە تەندروستییەکان پێشوەختە ھەڵمەتی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەکان و نەخۆشییە گوازراوەکان.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن