لە پێنجوێن

چوار مانگە ئامێری شووشتنی گورچیلە هاتووە و کاری پێناکەن

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

چوار مانگە لەسەر داوای رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن ئامێری شووشتنی گورچیلە گەیشتووەتە پێنجوێن، بەڵام بەهۆی کەموکوڕییەوە نەکەوتوەتە کار.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، تەنیا ئامێرەکە گەیشتووە و هیچ یەک لە پێداویستییە پزیشکییەکانی لەگەڵدا نییە.

ئەو سەرچاوە باسی لەوەکرد، ئامێرەکە پێش هەموو شتێک پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، پاشانیش ژوورێکی تایبەت هەیە لەگەڵ بوونی UPSی تایبەت بۆ ئەوەی کارەبای پێویستی بۆ دابین بکات و لە کاتی کارەبا بڕاندا ئامێرەکە لە کارکردن نەوەستێت.

وتیشی، پێویستی بە پزیشکێکی پسپۆڕ و ستافێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی ئامێرەکە بشۆردرێت و بتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن.

ئەو سەرچاوە باسی لەوە کرد، ئەو ئامێرەی نێردراوەتە نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن، سیستمەکەی لەگەڵ نییە و وەک دەوترێت “ئامێرێکی رووتە” و ناتواندرێت هیچی پێ بکرێت و سیستمی ئاڵوگۆڕ و شووشتنی تێدانییە.

18نەخۆشی گورچیلە بەهۆی خواردنی حەبەوە تووشی لەکارکەوتن...

18نەخۆشی گورچیلە بەهۆی خواردنی حەبەوە تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە بوون

لە پێنجوێن، پێنج تا شەش نەخۆشی گورچیلە هەیە کە پێویستیان بە شووشتن گورچیلە هەیە و هەفتانە سەردانی قەزای سەیدسادق دەکەن، سەرچاوەکەی 964یش رایگەیاند، نەخۆش هەیە رۆژ نا رۆژێک  و نەخۆشیش هەیە هەفتەی سێ جار دەبێت بچێت بۆ شووشتی  گورچیلەکانی، ئەمەش ماندوویەتی و تێچووی هەیە بۆ نەخۆشانی گورچیلە لە پێنجوێن.

لە رۆژی 30.5.2024 لەسەر داوای رێکخەرانی خوپیشاندەکانی پێنجوێن، ئامێری شووشتنی گورچیلە بۆ پێنجوێن نێردرا و یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە.

بۆ دەستكەوتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، 964 چەند جارێك پەیوەندی بە هەریەكە لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێنجوێن و سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا