20 تەختی هەیە
بۆیەکەمجار نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی تالاسیمیا لە ئاکرێ کرایەوە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بۆ یەکەمجار سەنتەری نەخۆشی تالاسیمیا لە قەزای ئاکرێ کرایەوە، وتەبێژی تەندروستیی ئاکرێش دەڵێت، تووشبووانی تالاسیمیا چیتر پێویست ناکات مەودای دوور ببڕن و ئێستا چارەسەر لە ناوچەکەیان بەردەستە.
سەنتەری نەخۆشخانەی تالاسیمیا لە ئاکرێ، 20 قەرەوێڵەی تێدایە و لە چەند بەشێک پێکدێت: پێشوازیکردنی نەخۆش، دەرمان، چارەسەر، کارگێڕی، دارایی، کۆمپیوتەر و هەروەها چەند پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکە هەن.
نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە 964ـی وت، چەندین ساڵ بوو نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ چارەسەر دەچوونە دهۆک، بەڵام چیتر ئەم رێگا دوور و درێژە ناگرنەبەر و لێرە چارەسەر دەکرێن، رۆژانەش زیاتر لە 15 کەس سەردانیان دەکات.
وتیشی، لە قەزای ئاکرێ زیاتر لە 240 تووشبووی تالاسیمیا هەن، هەروەها بەشێک لە نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەری رۆژانە هەیە و دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکیدا بن.
ئاکرێ لە ساڵی 1887 بووەتە قەزا و 246 گوند و سێ ناحیە لە خۆدەگرێت، ئەوانیش ناحیەکانی بجیل، دینارتە و گردەسێنە، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی 221 هەزار کەس.
پێداچوونەوە: هاوبەش