"زیاتر لەو گەڕەکانن کە پانتاییان زۆرە"
لە هەولێر چەند سەگی بێلانە هەیە و چەندیان لە شێڵتەرەکانن؟
964+
شۆڕش قادری
لە هەولێر نزیکەی 26 هەزار سەگی بێلانە هەیە، بەڵام تەنیا نزیکەی 11 هەزاریان لە شێڵتەرەکان کۆکراونەتەوە.
حەسەن ئیسماعیل بەڕێوەبەری شێڵتەرەکانی هەولێر بە 964ـی وت، “لە هەولێر سێ شێڵتەری سەگی بێلانە هەیە کە یەکێکیان حکومییە و لەلایەن ئێمەوە بەڕێودەبرێت و ئەو دووانەی دیکەش لەلایەن چەند ژینگەدۆستێکەوە بەڕێوەدەبرێن”.
“لە شێڵتەرەکەی ئێمە نزیکەی 10 بۆ 11 هەزار سەگی لێیەوە و ئەو دوو شێلتەری دیکەش نزیکەی 100 سەگیان تێدایە”، حەسەن ئیسماعیل وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە سەگی ناو شێڵتەرەکان، نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر بڵاوبوونەتەوە کە زۆربەیان لە گەڕەکانی قەراخ شارن و ئەو گەڕەکانەن کە پانتاییان زۆرە، وەک گەڕەکەکانی هەولێری نوێ و پێنجی حەسارۆک.
حەسەن ئیسماعیل وتیشی، “ئەو سەگانەی دەهێنرێنە نێو شێڵتەرەکەمان، بە باشی خزمەت دەکرێن و نەشتەرگەری نەزۆکیان بۆ دەکرێت و تەعقیم دەکرێن”.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا یەک تیمیان هەیە بۆ گرتنی سەگەکان، بەڵام حکومەت دوو ئۆتۆمبێلی بۆ دابینکردوون و دەیانەوێت تیمێکی دیکەش زیاد بکەن.