كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق

“لە هەڵبژاردندا توندوتیژی و رق و كینە بڵاومەكەنەوە و سووكایەتی بە یەكتر مەكەن”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات، داوا لە هەموو لایەنەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەكات، توندوتیژی و رق و كینە بڵاونەكەنەوە و سووكایەتی بە یەكتر نەكەن، داواش دەكات هەمووان بەشدار لە سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.

"بە هەموو شێوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن ئامادەین"

كۆمیسیۆنەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.10.2024 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، كە بەم جۆرەیە:

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زۆربەی بڕگەکانی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی (خولی شەشەم) تەواوکرد، هەروەها هاوشان لەگەڵ بەرەبەرە نزیکبوونەوە لە رۆژی دەنگدان لە 20.10.2024، کۆمیسیۆن داوا لە حزبە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکان و پاڵێوراوانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات کە پاڵپشتی کارەکانی کۆمیسیۆن بکەن و بەشداربن لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان، ئەمەش لە رێگای پابەندبوون بە رێساکانی رەفتاری هەڵبژاردن و مەرج و بنەماکانی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کە کۆمیسیۆن دایناون بە گوێرەی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ژمارە (2)ی ساڵی 2023.

کۆمیسیۆن هیواخوازە کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، تا رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان، ئەو بیرۆکانە لەخۆنەگرێت کە هاندەرن بۆ توندوتیژی، رقوکینە، یان سووکایەتیکردن یان زیانگەیاندن بە کاندیدەکانی تر و حزبە کێبڕکێکارەکان، لە هەمان کاتدا داوادەکات کە رێگا یاساییەکان بگیرێنەبەر لە پێشکەشکردنی سکاڵا و تانەدان و دوورکەوتنەوە لە کار و کاردانەوەی نێوان کێبڕکێکاران.

هەروەها بەپێی ئەو پەیڕەو و میکانیزمانەی کۆمیسیۆن دایناون و بەوپەڕی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە سەیری ئەو سكاڵا و تانانە دەکرێن، کە پێشکەشکراون.

بەم بۆنەیەوە کۆمیسیۆن داواخوازە لە هاوبەشانی پڕۆسەی هەڵبژاردن (دەنگدەران، هاوپەیمانییەکان، حزبە سیاسییەکان، پاڵێواراوان، چاودێران، راگەیاندکاران و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری هەڵبژاردنەکانەوە هەیە) کە پشتگیری کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداربن لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆن کە ئامانج لێیان بریتییە لە رێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و بێگەرد کە جێگەی متمانەی هەمووان بێت.

هەروەها کۆمیسیۆن دووپاتیدەکاتەوە، بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەن کاردەکات و بە هەمان دووری لە هەمووان وەستاوە و ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانە.

بەو هیوایەی کە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە هەنگاوێکی سەربارکراو بێت بەرەو ئاییندەیەکی سەلامەت و خۆشگوزەران بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق.