"دەرچووی بەشی کشتوکاڵن"
25 کچ لە کەلار فێری بەرھەمھێنانی بەرھەمە شیرەمەنيیەکان دەکرێن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بە سەرپەرشتيی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو – بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی پلاندانان و بەدواداچوون، بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی USAID و جێبەجێ کردنی لەلایەن رێکخراویUNDP، لە کەلار خولێکی فێربوونی بەرھەمھێنانی بەرھەمە شیرەمەنیيەکان بۆ 25 کچی دەرچووی بەشی کشتوکاڵ کرایەوە.
عەبدولباست عەبدولڕەحمان، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە 964ـى وت، ”ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.10.2024، یەکەم رۆژی خولەکە بوو، ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و 25 کچی دەرچووی کشتوکاڵ بەشدارن”.
“ئامانجمان لە خولەکە ئەوەیە ژنانی دەرچووانی زانکۆ فێری کارێک بن و ببنە خاوەن داھاتی سەربەخۆی خۆیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە رێگەی دروستکردنی پرۆژەی بچوک، ھەلیکار بۆ کەسانیتر بڕەخسێنن” عەبدولباست عەبدولرەحمان وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، گەرمیان ھەشتەم شوێن و کۆتا شوێنە کە ئەم خولەی تێدا کراوەتەوە، بەھۆی بەرکەوتنی شاڵاوی ئەنفال و کەمی دەستی کار ئامانجیانە لەم سنوورانە خولی زیاتر بکەنەوە تا دەستی کار زیاتر ببێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر