دوو هەفتە کاتیان پێ درا
خوێندکارانی دەرەوە دەتوانن بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ماوەی دوو هەفتە کات دەدات بە خوێندکارانی دەرەوە، تا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بەشداری لەدەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
کات پێدانەوە و مانەوەیان لەنێوان 12.10.2024 تا 25.10.2024 بەردەوام دەبێت.
بڕیارەکە لەلایەن دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ 10.10.2024 دەرچوێندراوە و هەموو ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە، کە لە دەرەوەی هەرێمی کورستان لە ماوەی خوێندنی باڵای بەکالۆرۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆران.
لە بڵاوکراوەیەکدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، بەمەبەستی ئاسانکاری و رەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکەیان دەر کردووە و خوێندکاران دەتوانن ئەو دوو هەفتەیە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەو وادەیەش، لە 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە؛ لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.
نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا؛