زریانێکی وێرانکەر بەڕێوەیە

سەدان هەزار کەس لە فلۆریدا ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەهێڵن

+964

ژووری هەواڵ

رێگاکان داخراون و سووتەمەنی نەماوە، قەیرانێکی گەورە بەرۆکی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکای گرتووە، هۆکارەکەش زریانی میلتۆنە کە رووی لە کەناراوەکانی فلۆریدا کردووە.

ئەم زریانە پلە پێنجە، ئەمەش گەورەترین پێوانەیە بۆ توندی رادەی زریانێک، ئێستاش رووی لە کەناری خۆرئاوای فلۆریدا ناوە کە چڕییەکی زۆری دانیشتوانی تێدایە، جا ئەم ناوچەیە پێش دوو هەفتەش زریانی هێلین لێیدابوو.

نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ناوچەی کەنداوی تامبا دەژین و دامەزراوەی نیشتیمانی ئەمریکی بۆ زریان پێی وتوون زریانێک لە رێیە کە خێراییەکەی دەگاتە 270 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

بەم هۆکارە خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت بە پەلە شوێنەکە جێبهێڵن و بەهۆی زۆری خواستەوە 17%ی بەنزیخانەکانی ئەو ویلایەتە بەنزینیان نەماوە.

رۆژی سێشەممە گوڕی زریانەکە دابەزیبوو بۆ پلە چوار، بەڵام ئەمڕۆ کاتێک گەیشتووەتە سەر وشکانی بووەتەوە بە پلە پێنج، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت گورزی گەورە لەو ویلایەتە دەوەشێنێت.