چەندین بەرپرسیان بینیوە
لیژنەی بەرگری: ئاسمانی عێراق بۆ روبەڕووبونەوەی پێشێلکاری ئامادەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
زیادبوونی ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لیژنەی بەرگری پەرلەمانی ناردە لای بەرپرسە سەربازییەکان، ئەندامێکی لیژنە دەڵێت، “هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەک”.
لیژنەکە لەگەڵ سوپاسالار و یاریدەدەرەکەی، فەرماندەی فڕۆکەوانیی سوپا، فەرماندەی هێزی وشکانی. فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی، بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانای وەزارەتی بەرگریی یەکیان بینیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.10.2024، محەمەد رومەیسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی وتووە، تواناکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشێلکارییەکی ئاسمانیی خراوەتەڕوو و ئاماژەی بەوەشکردووە، “ورەی سەرجەم فەرماندە و سەربازەکان بەرزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسییەک کە ئێستا و لە ئایندەدا رووبەڕووی عێراق ببێتەوە”.
پێشتر، یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە تۆڕی 964 بینی وتی، “حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان گرنگییەکی زۆری بە توانای پەرەپێدانی بەرگری ئاسمانی دەدات، هەربۆیە چەند مانگێک لەمەوبەر گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆ کردووە، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی سیستمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو، ئەوەش پێویستی بە کات هەیە بۆ تەواوکردن و دروستکردنی سیستمەکە”.
رەسووڵ لە بارەی ئەمن و ئاسایشی ئاسمانی وڵاتەکەی وتی، “ناوچەی ئاسمانی عێراق بەتەواوی ئەمن نییە، فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئێکس 16 و کەی50، و فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و سیخوڕی، هێزێکی ئاسمانی عێراق بەشدارن لە پاراستنی عێراق و بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی”.