گرانترین نرخ بووە لەمساڵدا

بەشێک لە خەڵکی خانەقین ئامادە نین پارەی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو بدەن

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

نرخی ئەمپێری موەلیدەکان لە خانەقین بۆ مانگی ئەیلول گرانترین نرخ بوو لەمساڵدا و لە نێوان هەشت هەزار و 500 بۆ 12 هەزار دینارە، بۆیە بەشێک لە خەڵکی خانەقین ئامادە نین پارەکە بدەن.

سەروەر عەلی کە هاوڵاتییەکی خانەقینە، بە 964ـی وت، “دانیشتوی گەڕەکی کرێکارانم و بە پێی ئەو پێوەرانەی لە ماڵەکاندا هەیە، 151.4 کاتژمێر، موەلیدە کارەبای داوە، بەڵام حسابی 204 کاتژمێر کراوە و بۆ هەر ئەمپێرێكیش 12 هەزار دینارم بۆ هاتووەتەوە “.

هاوکات محەمەد ئیبراهیم دوکاندارێکی ناوبازاڕی خانەقین وتی، “داهاتی ئەم مانگەم هەمووی بۆ پارەی موەلیدە رۆیشتووە، لیژنەی موەلیدەکانی خانەقینیش غەدری لە خەڵک کردووە بێ ئەوەی حسابی باری داراییان بکات”.

سەبارەت بەو پرسەش، بەشار حەقی سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدەکانی خانەقین بە 964ـی وت، “هیچ زیادەیەک نییە لە کاتژمێرەکانی کارپێکردنی مۆلیدەکان و نرخەکان دانراوە بەو پێوەرەی کە کاریان کردووە و بۆ هەر کاتژمێرێک کارکردن، 55 دینار دانراوە”.

لای خۆشیەوە ئەوس مەهداوی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە وتی، “سەرجەم خاوەن موەلیدەکان کاتی زیادەیان نووسیوە و لە هەندێک گەڕەک گەیشتووەتە سەرو 50 کاتژمێر، ئەوەش باری هاوڵاتییانی قورس کردووە”.

ئەم مشتومڕە وایکردووە کە تا ئێستا بەشێکی هاوڵاتییان پارە نەدەن بە خاوەن موەلیدەکان و چاوەڕێی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانن بۆ کەمکردنەوەی پارەکان.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

نرخى کارەباى مۆلیدەى سیتییەکان دیاریکرا

نرخى کارەباى مۆلیدەى سیتییەکان دیاریکرا

نرخی کارەبای موەلیدەی دهۆک دوو هێندەی هەڵەبجەیە

نرخی کارەبای موەلیدەی دهۆک دوو هێندەی هەڵەبجەیە