لە رۆژی کوژرانی نەسروڵاوە دەرنەکەتووە

چارەنووسی قائانی دیار نییە.. ئیسرائیل گومان دەکات بریندار بێت

964+

ژوورى هەواڵ

میدیا ئیسرائیلییەکان گومانیان خستووەتە سەر چارەنووسی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران و شکیان بۆ ئەوە دەچێت کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پێکرابێت، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەکی یەکلاکەرەوە نییە.

کەناڵی 12ـى ئیسرائیلی ئەمڕۆ نوسیوەیەتی گومانەکان جدین، دەسەڵاتدارانی لوبنان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانەی باس لە برینداربوونی قائانی دەکەن، دەڵێن رەنگە لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر زاحیەی بەیروت بریندار بووبێت، بەتایبەتی کە قائانی لە رۆژی کوژرانی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری حیزبوڵاوە دیار نییەو دەنگی نییە.

میدیا عەرەبییەکانیش دەڵێن: لە دوای 7ـى ئۆکتۆبەرەوە قائانی سێ جار سەردانی لوبنانی کردووە، هەر سێ جارەکە چاوی بە حەسەن نەسروڵاو فوئاد شوکور کەوتووە، ئەم دوانەش هەردوکیان بە هێرشی ئیسرائیل کوژران.

رۆژی کوژرانی حەسەن نەسروڵا 27.09.2024 قائانی لە رێی بەڕێوەبەری نوسینگەکەیەوە لە ناوی (ئیحسان)ـە پەیوەندی کردووە بە سەرکردەکانی حیزبوڵاوەو پێی وتوون ئەویش لە کۆبوونەوەکە لە گەڵیان بەشدار دەبێت، بۆیە گومان دەکرێت ئەو پەیوەندییە لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری کرابێت، بەڵام نازانرێت ئاخۆ قائانی چووە بۆ کۆبوونەوەکە یان نەچووە.

ئیسماعیل قائانی لە شوێنی قاسم سولەیمانی بووە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس دوای ئەوەی سولەیمانی رۆژی 03.01.2020 لە هێرشی درۆنێکی ئەمریکیدا لەگەڵ مەهدی موهەندیسی سەرکردەی حەشدی شەعبی لە بەغدا کوژران.

حیزبوڵا کوژرانى نەسڕوڵاى راگەیاند

حیزبوڵا کوژرانى نەسڕوڵاى راگەیاند