داواكارییان لە سودانی هەیە

بەرەی توركمانی: تەقینەوەكەی كەركوك بەرپرسێكی ئێمەی كردووەتە ئامانج

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەرەی توركمانی لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكەن، ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ لە كەركوك روویداوە، بەرپرسی ماڵی توركمانی لە شارەكەی كردووەتە ئامانج، كە بەرپرسێكی بەرەكەیە.

ئەمڕۆ كاتژمێر 9:30 بۆمبێكی چێنراو لە بەردەم نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەكی موسەڵای كەركوك تەقییەوە و لە ئەنجامدا پێنج كەس بریندار بوون، كە یەكێكیان خاوەنی نووسینگەكەیە بە ناوی سایغن هاجەر ئۆغلو.

بەرەی توركمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردووەتەوە، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، تێیدا ئیدانەی كارەكە دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو كارە بە ئامانجگرتنی سایغن هاجەر ئۆغلو بووە، كە یەكێكە لە بەرپرسانی بەرەكە و بەڕێوەبەری ماڵی توركمانە لە كەركوك.

هەروەها دەڵێن، دانانەوەی بۆمب كارێكی “تیرۆریست”ییە و ئامانج لێی، تێكدانی ئەمن و ئاسایشی شاری كەركوك و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی شارەكەیە.

بەرەی توركمانی داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەكەن، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی باری ئاسایش لە كەركوك، هەروەها تۆمەتبارانی ئەو كارەش دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگا.

دوای تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كەركوك، نەجات محەمەد سدیق موختاری گەڕەكی موسەڵا بە 964ی وت، “پۆلیس لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە و ئەوەی ئێمە لە ئاوەڵزاوەیەكی خاوەن نووسینگەكە وەرمانگرتووە، ماوەیەك لەمەوبەر هەڕەشە لە خاوەن نووسینگەكە كراوە”.

بۆمبێكی چێنراو لە كەركوك تەقییەوە و بریندار هەیە

بۆمبێكی چێنراو لە كەركوك تەقییەوە و بریندار هەیە