رێگاکەشیان یەک سایدە
لە کۆیە بۆ هەولێر؛ خێرایی و تێپەڕاندنی هەڵە باوترین هۆکاری رووداوی هاتوچۆیە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
پابەند نەبوون بە خێرایی دیاریکراو و تێپەڕبوونی نا دروست، بەرچاووترین هۆکار بووە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا، کە بەهۆیەوە سێ هەزار و 20 رووداوی هاتوچۆ لە رێگەی نێوان کۆیە بۆ هەولێر روویانداوە.
رێگاکە تاک سایدە و پێجاو پێج و بەرز و نزمی زۆری تێدایە، هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە وایە، قەراغی رێگەکە لەزۆر ناوچە تەپۆلکە و گردە، وریای و تەرکیزی زیاتری دەوێت، هەر کەسێک شۆفێری لەو رێگەیەدا بکات.
بە پێی ئامارێکی هاتوچۆی کۆیە کە بە 964 دراوە، لە ماوەی 13ی ساڵی رابردوودا و لە نێوان 2010 بۆ 2023، لە رێگەی نێوان کۆیە بۆ هەولێر، ژمارەی ئەو کارەسات و رووداوانەی لەو رێگەیە روویداوە گەیشتووەتە سێ هەزار و 20 رووداو، کە 312 کەس لەو رێگەیە گیانیان لە دەستداوە و سێ هەزار و 502 کەسیش گیانیان لە دەست داوە.
سەنگەر سەڵاح، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە 964ی وت، بەشێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانییانەوە، دوای چەند رۆژێک گیانیان لەدەست داوە، بەپێی راپۆرتی تیمەکانی هاتوچۆ، هۆکاری زۆربەی ئەو رووداوانەی کە روویداوە لەو رێگەیەدا، پابەندنەبوونی شۆفێرەکان بووە بە خێرایی دیاریکراو و تێپەڕبوونی نادروست.
پڕۆژەی بە دووسایدکردنی رێگای نێوان هەولێر و کۆیە ماوەی 14 ساڵە تەواو نەکراوە، لەکاتێکدا رێگایەکی ستراتیژیە و پارێزگای هەولێر و سلێمانی چەندین شاری دیکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەی تێبینی کراوە، بەهۆی یەک سایدی رێگاکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە تۆمار دەکرێن.
پێشتر، تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە 964ـی وتبوو، وەکو ئیدارەی قەزاکە ئەو پڕۆژەیە خەمی یەکەمیانە و بەلایانەوە پڕۆژەیەکی گرنگە، چەندین جار نوسراو و بەدواداچوونیان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی راگیراوە.
پڕۆژەکە لە پێنج قۆناغ پێکدێت و هەر قۆناغەو کۆمپانیایەک جێبەجێی دەکات و بودجەکەی 320 ملیار دینارە، تائێستا تەنیا بایی 100 ملیار دینار کاری تێداکراوە، درێژی رێگای پڕۆژەکە 65 کیلۆمەترە. قەزای کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرەو لە پێنج ناحیە پێک هاتوەو ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا