بڕیاری نوێ هات

لە گۆڕستان پۆلیس بۆ نوشتەچییەکانی دوزخورماتوو دادەنرێ

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

نوشتە و جاد تابێت زۆر و بۆر دەبن لە گۆڕستانەکانی دوزخورماتوو، قایمقام لەگەڵ شارەوانی قەزاکە، سەردانی گۆڕستانی گەورە- یان کرد و بڕیاریاندا جگە لە رۆژانی هەینی، شەش رۆژی هەفتە تەنیا یەک دەرگای گۆڕستانەکە کراوە بێ.

هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو هێزی پۆلیس لە دەروازە و دەرگای گۆڕستانەکەش جێگیر دەکرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.10.2024، زولفەقار حەیدەر، قایمقامی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “بەھۆی زۆری حاڵەتەکانی نوشتە و جادوو کە دەبرانە گۆڕستانەکان و دەشاردرانەوە و لەھەمان کاتدا، ھاوڵاتیان پاشەڕۆیان فرێدەدایە ناو گۆڕستانەکان، بریارماندا، تەنیا رۆژانی پێنجشەممە سێ دەرگا بۆ گۆڕستانی گەورەی خورماتوو بکرێنەوە “.

ئەو وتیشی، “رۆژانی پێنجشەممە ئەو دەرگایانە کراوە دەبن، ئەگینا رۆژانی تری ئاسایی هەفتە، تەنیا یەک دەرگا کراوە دەبێت و مەفرەزەیەکی پۆلیسیش لەبەردەم ئەو دەرگایە دادەنرێت”.

بە پێی بڕیاری ئیدارەی شارەکە، گۆڕستانەکان لە ئەمڕۆوە بەتەواوی لەپیسایی و پاشەڕۆ پاک دەکرێنەوە و لەشوێنەکانیان دار و سەوزایی تێیدا دەچێنرێت، وەکو رێزێک لەگۆڕی مردووەکان و ئەو کەسانەشی سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن.

قەزای خورماتوو خاوەنی چوار گۆڕستانی گەورەیە، چەند ساڵێک بوو بەتەواوی پەراوێزخرابوون لە خزمەتگوزارییەکانی ژینگە دابڕابوون، بەڵام بەپێی بڕیاری ئیدارەی شارەکە بێت “لەمەودوا چاودێری چڕیان دەخرێتە سەر و دەپارێزرێن”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا