بووەتە هۆی چۆڵبوونی بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی داودە

بازگەی چینکۆکە دێوەزمەکەی خەڵکی داودە

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

گوندنشینانی ناوچەی داودە لەلایەن بازگەکانی سوپای عێراقەوە گێچەڵیان پێدەکرێت، دەڵێن رێگەیان پێنادرێت تەنانەت فەردەیەک گەنمیش لەگوندەکانی ناوچەکەوە بگوازنەوە و دەبێت بیگەڕێننەوە یاخود هەر لەوێ بیڕێژن.

هەڵکەوت مەحەمەد، جوتياری ناوچەی داودە بە964ـی وت، ”ماوەی چەندین ساڵە بازگەی چینکۆکە لەناوچەی داودەی سنوری خورماتوو دانراوە و ئەو بازگەیە بووەتە بارگرانی بۆ خەڵکی ناوچەكە، تەنانەت ناتوانن ئاردی بایەعیەکانیان بگوازنەوە و بیانوویان پێدەگیرێت و بەناوی قاچاخچییەوە و رێگەیان پێنادرێت  20 لیتر گاز بۆ تراکتۆرەکانیان ببەن.

زولفقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بۆ964 وتی، “لەگەڵ بەرپرسانی بازگەکە لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و لەھەوڵداین چارەسەری بنەڕەتی دۆخەکە بکەین و لەگەڵ بەرپرسانی بازگەکە کێشەکە چارەسەر بکەین.”

ناوچەی داودە، زیاتر لە 40 گوندی بەسەرەوەیە، بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کارەباوە بەشێکی زۆری گوندەکانی چۆڵ کراوە و مامەڵەی بازگەی چینکۆکە زیاتر دۆخەکەی لێیان ئاڵۆز کردووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر