كۆڕ و كتێب
كەلەپووری گۆرانی چۆن لە موزیكی كوردیی هاوچەرخ بەكار دێت؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەكادیمیای كوردی كۆڕێك بۆ هونەرمەندی موزیسیان د. ئامانج غازی لە بارەی نوێترین كتێبی خۆی سەبارەت بە موزیكی كوردیی هاوچەرخ رێكدەخات.
حەمەسەعید حەسەن سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی، ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، سبەی چوارشەممە لە باڵەخانەی ئەكادیمیای كوردی لە هەولێر، كاتژمێر چواری ئێوارە، كۆڕێك بۆ هونەرمەند ئامانج غازی ساز دەكەن، كە تایبەت دەبێت بە نوێترین كتێبی ئەو هونەرمەندە، كە سەبارەت بە چۆنیەتی بەكارهێنانی كەلەپووری گۆرانییە لە موزیكی كوردیی هاوچەرخ.
وتیشی، لە كۆڕەكەدا گفتوگۆ لە بارەی ئەو پرسەی موزیك دەكرێت و دواتریش كتێبەكە، كە چاپ كراوە، بە دیاری بە ئامادەبووان دەدرێت.
د. ئامانج غازی، كە لەدایكبووی 1965ی رواندزە، یەكێكە لە مامۆستا دیارەكانی بواری موزیك لە كوردستان و مامۆستای كۆلیژی هونەرە و خاوەن توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زۆرە لە بارەی موزیك و گۆرانی كوردی، لە ساڵانی رابردووش یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی تیپی موزیكی پاشای گەورە و تیپی ئۆركێسترای كوردستان و چەند تیپێكی دیكە.
ئامانج غازی، جگە لەو كتێبە نوێیەی، تا ئێستا نزیكەی حەوت كتێبی دیكەی لە بارەی موزیك و گۆرانی فۆلكۆری و موزیك بۆ منداڵان و چەند بوارێكی دیكەی هونەری بە چاپ گەیاندووە.