هەولێر

دانیشتووانی زەیتون سیتی دووبارە گردبوونەوە

964+

دەشتى عارف- هەولێر

بۆ جارى دووەم دانیشتووانى زەیتون سیتى لە شارى هەولێر گردبوونەوە، ئەوان لە کۆمپانیاى وەبەرهێن تووڕەن، کە وەک پێویست خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ ناکات، کۆمپانیاکەش دەڵێت: بەشى زۆرى دانیشتووان قەرزارى کرێى خزمەتگوزارین.

ئیسماعیل محەمەد، دانیشتوویەکى شاری زەیتونە، قسەى بۆ 964 کرد و دەڵێت: داواکارین حکومەت بێتە سەر خەت و خزمەتگوزارییەکان لە کۆمپانیا وەربگرێتەوە، چونکە نە کارەبا و نە ئاو بە باشى دابین دەکات.

عەلی گردەسۆری، دانیشتوویەکی دیکەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکەیە و بە 964ـى وت،” کۆمپانیاکە لە شوێنى سەوزایى خانووى دروست کردووە، بەڵام نەیتوانیوە یەک قوتابخانە تەواو بکات، گوێیش بۆ رەخنە و گلەییەکان ناگرێت و چیان بوێت دەیکەن”.

964 کێشە و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتووانى زەیتون سیتى خستە بەردەم ئەندازیار شەماڵ سەباح، بەڕێوەبەری نوێ لە کۆمپانیای وان کە کۆمپانیاى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەیە، ئەو لە بارەى گلەییەکانی ئەو خەڵکە بە 964ـى وت، “دانیشتووانى پڕۆژەکە هاوکارنین، بڕى پارەى مانگانەى خزمەتگوزارییەکان لە کاتى خۆىدا نادەن، ئەگەر ئەوان نەیدەن کۆمپانیا چۆن بتوانێت خزمەتگوزارى تەواویان پێشکەش بکات، چونکە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بەو پارەیە دەبێت، کە ئەوان لەسەریانە بیدەن”.

وەک باسى دەکات، بە نزیکەیى نیوەى ماڵەکان قەرزدارى کۆمپانیان، بە تایبەت لە پارەى خزمەتگوزارى.
روونیشى کردەوە، بەپێی رێنماییەکانی پارێزگا دەبوو مانگانە بڕی زیاتر پارە وەربگرن، بەڵام لە رابردوودا کەمتریان وەرگرتووە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت رێنمایی پارێزگا جێبەجێ بکەن تا زیاتر دەستکراوەبن لە خزمەتکردنی دانیشتووانى پڕۆژە نیشتەجێبوونەکە.

“لە پلانماندایە دوو یاریگەى تۆپى پێ لەناو شارى زەیتون دروست بکەین بۆ گەنجان”، ئەندازیار شەماڵ واى وت.

زه‌یتون سیتی پرۆژه‌ێكی نیشته‌جێبوونە سه‌ر به‌ ناحیه‌ی داره‌توو له‌ شاری هه‌ولێر، پێكهاتووه لە زیاتر لە سێ هه‌زار و 100 خانوو، نزیکەی 25 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێین.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح