ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی گەشتوگوزاره
له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستى كار و جۆره‌كانى گه‌شتوگوزار زیاد ده‌كرێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌مڕۆ له جیهان رۆژی گەشتوگوزاره، ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هەرێمیش ده‌ڵێت له داهاتوویه‌كى نزیكدا دەبنە خاوەنی ستراتیژی گەشتوگوزاری ژینگەیی و ده‌ستى كار و جۆره‌كانى گه‌شتوگوزاریش زیاد ده‌كه‌ن.
رێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان كه به UNWTO ناسراوه، رۆژى 27ـی ئەیلولی هەموو ساڵێکی دیاریکردووە بۆ رۆژی جیهانی گەشتوگوزار و بۆ ئەمساڵیش لە ژێر دروشمی “گەشتوگوزار و ئاشتی” شاری تبلیسی لە وڵاتی جۆرجیا هەڵبژاردووە بۆ ئەنجامدانی چالاکیهكانی.
ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ هەوڵەکانیان چڕکردووه‌تەوە بە ئاڕاستەی زیاتر بە بازاڕکردن بۆ کەرتی گەشتوگوزار و ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک و روگەیەکی گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
ئه‌مه‌ل جه‌لال سه‌رۆكى ده‌سته‌كه ئاماژه‌ى به‌وه كردووه، لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین چالاکی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆییان هانداوه بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لە وەبەرهێنانی گەشتیاری له‌هه‌رێم وەگەڕبخەن و پرۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدەن.
ده‌شڵێت، بە هەماهەنگی بەرنامەی پەرەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP و بە پاڵپشتی دارایی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAID خۆشبەختانە توانرا خولی کارە دەستییەکان بۆ زیاتر لە 150 ژن و گەنج لەسەرجەم شارەکان بکرێتەوە کە کاریگەری گەورەی دەبێت لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵیتی بەرهەمی کارە دەستییەکان و بە براند کردنیان.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، لەگەڵ رێکخراوی UNDP کاریان كردووه بۆ پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار و هەنگاوەکانی ئامادەکردنی ستراتیژیەتی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ژینگەیی Eco-Tourism یشیان دەستیپێکردووە و ده‌ڵێت “لە ماوەی نزیکی داهاتوودا هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار دەبێتە خاوەنی ستراتیژیەیی گەشتوگوزاری ژینگەیی”.