"ئەشکەنجە دراون"

دایک و کوڕێکی رفێندراوی ئێزدی پاش 10ساڵ ئازادکران

964+
کاروان ساڵحی

کوڕ و دایکێکی کوردی ئێزدی دوای 10 ساڵ لە رفاندنیان لە وڵاتی سووریا دۆزرانەوە، دوێنی رادەستی کەسوکارەکەی کرا لە کەمپی خانکێی پارێزگای دهۆک.

لە ساڵی 2014 و لەسەردەمی داگیرکاری چەکدارانی رێکخراوی داعش، شەش هەزار و 417 کچ و ژن و منداڵی کوردانی ئێزدی لە قەزای شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری رفێندران تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 600  کەسییان بێ سەروشوێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.9.2024، حوسێن قائیدی بەرێوەبەری نوسینگەی ئازادکردنی کوردانی رفێندراوی ئێزدی بە 964ـی وت، “دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆر توانیمان دایکێکی تەمەن 25ساڵ و کوڕە تەمەن 10ساڵ و نیوەکەی لە ناوچەیەکی وڵاتی سوریا بدۆزینەوە و بیانگەڕێنینەوە و بە کەس و کارەکەی شاد بکەینەوە”.

بە قسەی قائیدی، زۆربەی ئەو کوردە ئێزدییانەی ئازاد دەکرێن، ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دراون، ئەم دوو ئازادکراوەش شوێنی ئەشکەنجەدانیان پێوە دیار بووە، “پاش رزگارکردنیان رەوانەی سەنتەرێکی پزیشکی تایبەت کراون”.

ئەو کوڕ و دایکە ئێزدییە دانیشتووی گوندی تەل قەسەبی سەر بە قەزای شنگالن و لە رۆژی 3.8.2014 رفیندران و گواستراونەتەوە بۆ شنگال و پاشان بۆ تەلەعفەر و دواتر بۆ موسڵ و پاشان بۆ وڵاتی سووریا، بەڕێوەبەری نوسینگەی ئازادکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی وتی، “ئەو بنەماڵەیە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان ئازاد کراون، تەنیا مام و کوڕە مامێکی ماوە و تائێستا بێ سەرو شوێنن”.

بەپێی ئاماری نوسینگەکە، کۆی گشتی شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندراون، لەو ژمارەیە  سێ هەزار و 581 کەسییان ئازاد کراون، دوو هەزار و 600 کەسیش بێ سەروشوێنن و لە لیستی رفێندراوان تۆمارکراوە، روون نەبووەتەوە لە ژیاندا ماون یاخود لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى

گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى "گرزه‌رك" رووفاتى ئێزدییه‌كان نه‌بوو

ژنێکی سوێدی لەسەر بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ئێزدی دادگا...

ژنێکی سوێدی لەسەر بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ئێزدی دادگایی دەکرێت