15 ساڵە ئەو گرفتەیان چارەسەر نەکراوە

بەشێک لە شەقامی گەڕەکەکانی قەڵادزێ خۆڵن و هاوڵاتیانی بێزار کردووە

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

دانیشتووانی نزیکەی 50 کۆڵانی چەند گەڕەکێکی نزیک لە پێماڵکی کۆن لە قەڵادزی، چاڵو چۆڵی شەقامەکانیان بێزاری کردوون، شارەوانی قەڵادزێش دەڵێت لەبەرنامەمان داهەیە کاریان تێدا بکەین

کاروان حمە، دانیشتووی یەکێک لەو گەڕەکانیە بە 964ـی وت، ” نزیکەی 15 ساڵە ئێمە لەچاوەڕوانی ئەوەداین، لایەنی پەیوەندیدار گەڕەکەکانمان بۆقیربکات بەڵام تائێستاش نەکراوە، خۆمان ساڵانە چەوڕێژیان دەکەین، بەو جۆرەش چاڵ و چۆڵی زۆری لێ دروست دەبێت و ئاوێکی زۆر کۆدەبێتەوە لە وەرزی زستاندا.

بە قسەی ئەو هاوڵاتیە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە نیزکەی 500 ماڵن، منداڵیان هەیە و قوتابین گرفت بۆ هاتوچۆی ئەو منداڵانە دروست دەبێت و لەمەودوا قوڕ و چڵپاو هەراسانیان دەکات ئەگەر ئاوڕێکی بەخێریان لێ نەدەنەوە.

964 گرفتەکەیانی بردە بەردەم، ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ لەو بارەیەوە وتی،” شەقامەکانی گەڕەکەکانی راپەڕین لەقەڵادزێ، ئاو ئاوەڕۆمان بۆ کردوون بەشێکی زۆریشی شۆستەیان بۆکراوە، وەک و شارەوانی دیزاین و دەرخستەمان بۆ کردووە ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینەی پێویست کاری قیرکردنی بۆ نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو کۆڵانانە لە بەرنامەدا هەیە کە کاریان تیادا بکرێت و کێشەی رێگاوبانیان نەمێنێت، بەڵام کێشەی نەبوونی پارە گرفتی بۆ ئەوانیش دوست کردوو.

پێداچوونەوە: توانا نەقی