کار بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی 172 ئەنفالکراو دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کار بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی 172 هاوڵاتی کوردی ئەنفالکراو دەکرێت کە نزیکەی چوار ساڵ بەر لە ئێستا لەناو گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوە دۆزرانەوە و تا ئێستا لە پزیشکی دادی بەغدا ماونەتەوە.

رۆژی شەممە، 28/1/2023 وەفدێکی حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گەڕانەوەی رووفاتەکان هاتنە سلێمانی و لە بینای پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگار و قایمقام و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بودجە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA و گەڕاندنەوەی 172 روفاتی ئەنفالکراو تەرخانکراوە.

وتیشی، لیژنەیەک لە تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بەغدا و پزیشکی دادی بەغدا و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی پشکنینی DNA بۆ روفاتەکان ئەنجامدەدات.

“تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە عێراق بودجەیەکی بۆ دابینکراوە و هیچ کێشەیەکی نییە، لە بودجەی 2023ـشدا داوای بوجەیەکمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی وەرگرتنی DNA،” سروە محەمەد وای وت.

لە ئاداری ساڵی 2019دا تەرمی 172 هاوڵاتی ئەنفالکراو لە بیابانەکانی سەماوە دۆزرانەوە، 74یان منداڵ بوون و 97یان ژن بوون؛ زۆربەیان دانیشتووانی گوندی کوڵەجۆن لە رۆژئاوای کەلار.

ئەنفالکراوەکان بەشێکن لەو 182 هەزار کوردەی کە 12ی شوباتی 1988 لەلایەن رژێمی پێشووی بەعس بێسەروشوێن کران.