زیاتر لە 100 هەزار قوتابی کورد دەخوێنن

زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کەرکوک لێدرا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

زەنگی دەستپکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق لێدرا، بەرپرسانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەڵێن زیاتر لە 100هەزار قوتابیمان هەیە، تەنیا ئەم ساڵ هەشت هەزار قوتابی بۆ پۆلی یەکی سەرەاتی وەرگیراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22.9.2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و پەروەردە یەکەم زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ئامادەیی رۆشنبیری لێدرا.

مامۆستا کامران عەلی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکوک بە 964ـی وت، ئەمساڵ خوێندنی کوردی زیاتر لە 100 هەزار قوتابی هەیە لەسەرجەم ئاستەکان، هەشت هەزار قوتابی لە پۆلی یەکی سەرەتای تۆمار کراون بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 2 هەزار قوتابی زیادی کردووە.

وتیشی، گواستنەوەی پێچەوانەمان هەیە کە 400 قوتابی لە خوێندنی عەرەبیەوە هاتوون بۆ خوێندنی کوردی ئەوەش وڵام دانەوەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیانوت خوێندنی کوردی لەهەرەسدایە و خەڵکی منداڵەکانیان نانێرن بۆ خوێندنی کوردی.

ئەو بەرپرسەی پەروەردەی کەرکوک ئاماژەی بەوەشكرد، “کێشەی کەمی بینای خوێندنگەمان هەیە بە دیاریکراوی لە دوای روداوەکانی ساڵی 2017 پارێزگاری سەپێندرا و گەڕەکە کوردیەکانی پشتگوێ خستوە لە دروستکردنی بینای خوێندن ،خوێندنی کوردی 550 قوتابخانەی هەیە کە لە ناو 250 بینای قوتابخانە دەخوێنن و دوو دەوام و سێ دەوامی تێدا دەکرێت ، زیاتر لە 20 قوتابخانە هەیە کە سێ دەوامی تێدا دەکرێت، ژمارەیەک قوتابخانەی چینی دروستکراوە بەڵام هیچی بۆ خوێندنی کوردی نەبووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی