لەدوای شەڕەکەی مەریوان

سوپای پاسداران بۆ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: هیچ جۆرە چالاکییەک قبوڵ ناکەین

964+

ژووری هەواڵ

لەدوای پێکدادانێک لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە مەریوان، سوپای پاسداران هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، هیچ جۆرە چالاکییەک دژ بە ئاسایشی ئێران قبووڵ ناکەن.

ئاژانسی هەوڵی مێهر لەزاری ئەحمەد عەلی گودەرزی فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانیان و ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رۆژی پێنجشەممە لە سنوورەکانی شاری مەریوان، رێبوار کەریمیان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی کۆمەڵە کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەڕەکەی مەریوان لەدوای ئەوە دروستبووە دەستەیەک لە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە سنووری مەریوان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون.

لە کاردانەوەی ئەو پێکدادانەدا، سوپای پاسداران دەڵێت، هیچ چەشنە چالاکییەک دژ بە ئاسایشی ئێران قبووڵ ناکات و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنیان کاری لەپێشینەیان دەبێت، لە هەر شوێنێک بن.

“هەر لە شەڕەکەدا ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران بریندار بووە و باری تەندروستی جێگیرە”، گودەرزی وای وتووە.

دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، “بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19.9.2024 رێبوار کەریمیان ناسراو بە رێبوار دارسێران ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکەمان لە ناوچەی پیرانەکۆن دوای چەندین کاتژمێر شەڕ و خۆڕاگری گیانی بەخت کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای شەڕەکە ئێران ناوچەکەی تۆپباران کردووە.