ژینگەپارێزەکان بێ موچەن
سێ رۆژە زبڵ و خاشاکی سۆران فڕێ نەدراوە
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
ماوەی سێ رۆژە کارمەندانی پاککەرەوەی ئیدارەی سۆران مانیان لە کارەکانیان گرتووە، ئەوەش بە هۆکاری وەرنەگرتنی موچەکانیان.
ناو بازاڕی شارەکە، پڕ بووە لە زبڵ و خاشاک، هەر پێش دوکان و کۆڵانێک سەری پێدا دەکەیت چەند نایلۆنێکی پڕ لە زبڵ لەسەر یەک دانراوە.
یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکە قسەی بۆ 964 کردووە، بەهۆکاری ئەوەی لێدوانیان لێ قەدەغە کراوە بۆ میدیاکان نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و دەڵێت، “هۆکاری مانگرتنی کارمەندەکان دواکەوتنی موچەکەیانە، سێ رۆژ بەسەر موچەکەیان تێپەڕیووە تاوەکو ئێستا وەریان نەگرتووە کە موچەی مانگی حەوتە”.
رەنگە ئەوە بەخێر نەشکێتەوە و مانگرتن فراوان بکات، ئەو وتی، “قەرار بوو ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکرێت و موچە وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا موچەیان وەرنەگرتوە، لە ئەگەری دابەشنەکردنی موچەکەشیان تەواوی کارمەندانی ژینگەپارێز لە ئیدارەی سۆران مان دەگرن”.
بۆ سۆراغی زیاتر 964، چەندین جار پەیوەندی کرد بە هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی سۆران و بەڕێوەبەری کۆمپانیای باڵ و هیزل، کە خاوێن کردنەوەی ئیدارەی سۆرانی لە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییان نەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا