دەستەى ژینگە بۆ کۆمیسیۆن:

“بەلایەنەکان بڵێ لە کاتى بانگەشە واز لە هۆڕنلێدان بهێنن”

964+

وریا فەتاح

دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە زیاتر لە دەرزەنێک خاڵى ژینگەى بۆ کۆمیسیۆن دەنێرێت و داوا دەکات لە کاتى بانگەشەدا لایەنى ژینگەیى لەبەرچاو بگیرێت.

لەیەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە، پێویستە کۆمیسیۆن ناوى ئەو لیست و قەوارانە ئاشکرا بکات کە لە بانگەشەدا ژینگە پیس دەکەن و پابەندى یاسا ژینگەییەکان و رێنماییەکانى شارەوانى نابن.

دەستەى ژینگە بە 13 خاڵ دەیەوێت بانگەشەى هەڵبژاردن پاک و تەندروست بێت کە ئەمانەن:

یەکەم: لافیتە و نوسینەکانیان لەسەر قوماشبن نەک لەسەر فلێکس و نایلۆن، کە دواجار بە ئاسانى شى نابنەوە و زیان بە زۆرێک لە گیانەوەران و رووەک و خاک دەگەیەنن.

دووەم: پۆستەرەکان بە تیپ جێگیر بکرێن نەک بە سیکۆتین، هەروەها بزمار بەکارنەهێنن بۆ جێگیرکردنى لافیتە لەسەر درەختەکان و درەختەکان بە لافیتە دانەپۆشرێن.

سێ: جوانبینى و پاراستنى هەستى بینین رەچاو بکەن لە هەڵبژاردنى شوێنى هەڵواسینى لافیتەکان، چونکە بە هەڕەمەکى هەڵواسین دەبێتە هۆى جەنجاڵى و شێواندنى هەستى بینین.

چوار: زیادەڕۆیى نەکەن لە بەهەدەردانى کاغەز و کارتۆن.

پێنج: مادەى پلاستیکى و نایلۆنى نەدرێتە دەنگدەر وەک بانگەشە، لە حاڵەتى کۆبوونەوەى جەماوەریشدا پێویستە هەڵسوڕاوانى لیست و کاندید پاشماوەکان کۆبکەنەوە.

شەش: بەکارنەهێنانى پارکە گشتییەکان و باخچەى نێو گەڕەکەکان بۆ بانگەشە.

حەوت: سودوەرگرتن لە بەکارهێنانى شاشەى گەورەى ئەلیکترۆنى و تەلەفزیۆنى لە شوێنە گونجاوەکاندا.

هەشت: بەردەوام کۆمیسیۆن حزبە سیاسییەکان ئاگادار بکاتەوە لەو سزا داراییانەى کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە حاڵەتى سەرپێچیکردنى یاساکانى ژینگە و شارەوانى.

نۆ: هاندانى لیستەکان بۆ زیاتر بەکارهێنانى سایتە ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.

دە: کۆمیسیۆن ناوى ئەو لایەن و قەوارە سیاسیانە ئاشکرا بکات کە پابەندى یاسا و رێنماییە ژینگەییەکان نابن.

یانزە: بەکارنەهێنانى بڵندگۆ و هۆڕن لێدان لە کاتى گردبوونەوەى جەماوەرى و خۆدورگرتن لە بەکارهێنانى قافڵەى ئۆتۆمبێل وەک شێوازێکى بانگەشە، چونکە زیان بە هەستى بیستن دەگەیەنێت.

دوانزە: کۆمیسیۆن هەماهەنگ و هاوکار بێت لەگەڵ رێکخراوە ژینگەییەکاندا بۆ ئەوەى بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە ژینگەییەکان بکەن.

سیانزە: کۆمیسیۆن بە هاوکارى لەگەڵ میدیاکان هەوڵ بدات بۆ تێکەڵکێشکردنى بابەتەکانى ژینگەپارێزى لەگەڵ هەڵمەتى هەڵبژاردن.