"30٪ی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمە"
هەوڵ دەدرێت ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و هەرێم پێکبهێنرێت
964+
شۆڕش قادری
ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران دەڵێت، دەیانەوێت ژوورێکی بازرگانی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری مەحەمەد هۆلاکۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی هاوبەشی عێراق و ئێران و جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی سنە بڵاویکردووەتەوە، “لەسەدا 25 بۆ 30ی کۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کورستانە، بۆیە دەبێت گرنگییەکی تایبەت بەم ناوچەیە بدرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە ئەولەویەتەکانیان لە خولی نوێدا، پێکهێنانی ژوورێکی بازرگانی هاوبەشە لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم یان پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەو بوارەدا.
“ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی دروستبوونی دووفاقی لەبواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی”، محەمەد هۆلاکۆ وای وتووە.
دەشڵێت، “پێکهێنانی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان، بێ گومان دەبێتە هۆی ئاسانکاری و هەماهەنگی زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان”.
سەبارەت بەو پرسە، نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەوڵمان داوە لە داهاتوودا ژوورێکی بازرگانی هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێکبهێنن، بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان بدەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لە گفتوگۆ و دانوستان دان بۆ چۆنیەتی پێکهێنانی ئەو ژوورە و شێوازی چالاکی و دەسەڵاتەکانی.