بە تەواو بوونى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو

هەزار و 300 بیری ئاو لە هەولێر رادەگیرێن

964+

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى لە ئێستادا ئاستى ئاوى هەولێر دابەزیووە بۆ 550 تا 750 مەتر، بەڵام بە تەواو بوونى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو جگە لە چارەسەر بوونى کێشەى کەمئاوى شارەکە، فریاى بیرەکانیش دەکەوێت و هەزار و 300 بیر رادەگرێت.

ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە تەواو بوونى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر کە تێچووى 479 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونی کێشەی کەمئاویی چارەسەر دەبێت.

بە وتەى ئارى ئەحمەد کە بۆ ئاژانسى ئەنادۆڵ قسەى کردووە، پڕۆژەکە لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێک بیست هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، نزیکەی هەزار و 300 بیری ئاو لە شاری هەولێر رادەگیرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی.

هەفتەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر راگەیاند.

ئەو پڕۆژەیەى هەولێر پێویستى بوو بەردى بناغەکەى دانرا

ئەو پڕۆژەیەى هەولێر پێویستى بوو بەردى بناغەکەى دانرا

لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئاو هەیە کە بریتییە لە ئیفراز یەک، دوو و سێ، هەر سێ پڕۆژە لە یەک کاتژمێردا هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکەن و، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوازیش تێکڕای دابینکردنی ئاو دەبێتە زیاتر لە 30 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، بیرەکانی ئاو لە شاری هەولێر رادەگیرێن و بەمەش ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزدەبێتەوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ماوەی پڕۆژەکە ساڵ و نیوێکە، بەڵام بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە کەمتر لەماوەی خۆیدا جێبەجێ بکرێت.

رێزان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر به‌ 964ـى وت،”لە شەش مانگى یەکەمى 2024، 20 بیرى ئاو لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون و چاوەڕێ دەکەین تا کۆتایى ساڵ 20 بیرى دیکەش وشک ببن و کۆى بیرى وشکبووى دەورووبەرى هەولێر لەمساڵدا بگاتە 40 بیر”.

دەورووبەرى هەولێر سنوورى هەریەک لە قەزاکانى، مەخمور، قوشتەپ،خەبات، شەقڵاوە دەگرێتەوە.

وەک ئەوەى رێزان سەعید بۆ 964 ئاشکراى دەکات، گۆڕانکارى کەشوهەوا بە تەواوەتى لەسەر ئاوى ژێر زەوى هەولێر رەنگیداوەتەوە، چونکە ئەگەر جاران بیرێک لە 200 بۆ 300 مەتر هەڵکەنرابێت و گەشتبێتە ئاو، ئێستا کەمترین قوڵى بیر دەگاتە 550 مەتر و تا 750 مەتریش رۆیشتووە.