دوو رۆژێک دەخایەنێت
دێهاتەکانى باوەنور بێ کارەبا دەبن و کەلاریش بێ ئاو
964+
وریا فەتاح
کارەباى گەرمیان ئاگادارى هاوڵاتیانى سنوورى قەزاکەیان دەکاتەوە بەهۆى کارکردن لە وێستگەى 132 کەیڤى کەلار2، بۆ ماوەى رۆژێک کەلار بێ ئاو دەبێت و بۆ دوو رۆژیش زیاتر لە 10 گوندى باوەنوور بێ کارە دەبن.
ئالان ئەرکان وتەبێژی کارەبای گەرمیان بە 964ـی وت،”بەهۆی بەستنەوەی وێستگەی (132kv) کەلار2 بەهێڵی نیشتیمانی، رۆژی شەممە و یەکشەممە کارەبای نیشتیمانی هەردوو فیدەری (25) بەردەوام کەپاڵاوگەی ئاوی کەلارو زانکۆی گەرمیانی لەسەرە وفیدەری (26)دێهاتی باوەنور دەکوژێنرێتەوە”.
وەک ئاشکراى دەکات، کوژاندنەوەکە لە کاتژمێر 7ـى بەیانى بۆ 4ـى ئێوارە دەبێت.
لەبارەى ئەو شوێنانەى بەهۆیەوە بێ کارەبا دەبن، ئالان ئەرکان ئاشکراى کرد کە زۆرترین کاریگەرى لەسەر پاڵاوگەى ئاوى کەلار و زانکۆى گەرمیان دەبێت، چونکە لەسەر ئەو فیدەرەن کە لەژێریدا کار دەکرێت.
وتیشى،” زیاتر لە 10 گوندى باوەنوور لەو ماوەیەدا بێکارەبا دەبن، بەڵام قسەمان لەگەڵ کۆنتڕۆڵى ناوەندى هەرێم کردووە و رێککەوتوین کە ئەو رێژە کارەبایەى بەر گەرمیان دەکەوێت بۆ ئەو دوو رۆژە لە هێڵى 132 کەیڤى چەمچەماڵ رێژەى خۆمان وەربگرین بۆ ئەوەى ناوشار بێ کارەبا نەبێت”.
لەبارەى بێ ئاوبوونى کەلاریش، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کەلارلە ئاگادارییەکدا بڵاوى کردووەتەوە کە سبەینێ شەممە، بەهۆى کوژانەوەى گشتیى کارەبا لە هێڵى 132 کەیڤى دەربەندیخان کەلار، ئاو دابەش ناکرێت.