فەرمانگەى ژینگە بڕیاری دا

له‌مه‌ودوا پرۆژه‌كانی ئیداره‌ی سۆران بێ كه‌شفی ژینگه‌یی تێناپه‌رن

964+

وریا فەتاح

فەرمانگەى ژینگەى سۆران رایدەگەیەنێت، لەمەودوا خۆیان کەشف بۆ پڕۆژەکان دەکەن، هەر پڕۆژەیەک مۆڵەتى ژینگەیى نەبێت دەبێت پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن ئەنجام بدات و هەر پڕۆژەیەکیش دەست بەکار بکات، مۆڵەتى پێنادرێت هەتا مۆڵەتى ژینگەى پێنەدرێت.

پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن چییە؟

هەر پڕۆەژەیەک کە مۆڵەتی وەرگرت دەبێت لە %25ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، بەڵام ئەوانەی ئەو رێژەی پڕۆژەکەیان نەکردووەتە سەوزایی، پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی شوێنێکی دیکە، کە فەرمانگەى ژینگە بۆى دیاریی دەکات بکاتە سەوزایی و بۆ ماوەى سێ ساڵ چاودێرى بکات و سیستمى ئاو و ئاوەڕۆى بۆ دابین بکات.

هەژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت، “لەمەودوا هەر پڕۆژەیەک چ کشتوکاڵى، گەشتیارى، وەبەرهێنان بێت، دەبێت مۆڵەتى ژینگەى لە فەرمانگەى ژینگەى سۆران وەربگرێت، ئینجا دەست بە کارکردن بکات.

وەک باسى دەکات، پڕۆژەى وەبەرهێنان و باخچە و قوتابخانە ناحکومییەکان پێویستە لەگەڵ دەرهێنانى مۆڵەتى ژینگەیى 25 بۆ 30%ـى رووبەرى پڕۆژەکەیان بکەنە سەوزایى و رێنماییەکانى دیکەش جێبەجێبکەن، بە تایبەت لە دانانى مۆلیدە و بێدەنگکردنى.

لەبارەى ئەو پڕۆژانەى پێشتر ئەنجامدراون، بەڵام مۆڵەتى ژینگەییان نییە، هەژار ماهیر روونى کردەوە، لە مانگى 10ـەوە لیژنەکانیان سەردانیان دەکەن و دەکەونە چوارچێوەى پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن و هەر پڕۆژەیەک کەمى هەبێت لە سەوزکردنى 25 بۆ 30%ـى رێژەى سەوزایى، ئەوا دەبێت لە شوێنێکى دیکە سەوزایى ئەنجام بدەن، واتا ئەگەر پڕۆژەیەک 10%ـى سەوز کردبوو، دەبێت 15%ـى سەوزایى لەشوێنێکى دیکە ئەنجام بدات کە فەرمانگەى ژینگە بۆى دیارى دەکات.

بەپێى رێنمایى ژمارە 2ـى ساڵى 2022، فەرمانگە ژینگەییەکان بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان دەکەن و لە کەموکوڕییە ژینگەییەکان دەکۆڵنەوە.

شارەوانى سۆران بە دواى دارسوتێنەرێکدا دەگەڕێت

شارەوانى سۆران بە دواى دارسوتێنەرێکدا دەگەڕێت