کێ وتی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت؟

قوباد تاڵەبانی بۆ 964: سەردانی سەرۆکی ئێران بۆ سلێمانی پەیامێکی گرنگ بوو

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت: ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکی ئێران زۆر باش بووەو هاتنیشی بۆ سلێمانی پەیامێکی گرنگ بووە، بۆ هەڵبژاردنیش وتی: کێ وتی لە کاتی خۆیدا ناکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.09.2024 لە سەرچنار گەشتوگوزاری سلێمانی بۆنەیەکی رێکخستبوو بەناوی ”جارانی سەرچنار” قوباد تاڵەبانی و شێری تاڵەبانی خێزانی لەوێ بوون و پێکەوە پیاسەیان دەکرد، خانمی تاڵەبانی دەستێ جلی کوردی لەبەردابوو چاوەزارێکیش لەملیدا، قۆڵی کردبوو بە قۆڵی هاوسەرەکەیدا.

خانمی تاڵەبانی دەستێ جلی کوردی لەبەردابوو چاوەزارێکیش لەملیدا

قوباد تاڵەبانی ئەم پیاسەیەی دوای رۆژێکی قەرەباڵغ و پڕ کۆبوونەوە بوو لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە هەولێرو لە سلێمانی، دیلان محەمەد پەیامنێری 964 پرسیاری ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لێکرد، قوباد تاڵەبانی تەماشایەکی کردو وتی کام کۆبوونەوە؟ سێ چوار کۆبوونەوەمان کرد.

دوای ئەوە وتی: هەموو کۆبوونەوەکان باش بوون، بێگومان کۆبوونەوەکەی هەولێر زۆر باش بوو لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت، باسی ئەو بابەتانە کرا کە بۆ ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگن، لە دۆسێی ئاسایش و ئابوری و رۆشنبیری، خۆتان ئەزانن سەردانێکی مێژوویی بوو.

لەگەڵ سەرۆکی ئێران باسی دۆسێکانی ئاسایش و ئابوری و رۆشنبیریمان کرد

سەبارەت بە سەردانەکەی سلێمانیش جێگری سەرۆکی حکومەت وتی: کاتێک سەرۆک کۆماری وڵاتێکی گرنگی وەک ئێران دێت سەردانی سلێمانی دەکات، بێگومان ئەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، گرنگیدانە بە شارەکەو پەیامێکیشە کە سلێمانی ئەمڕۆ شارێکە رۆڵی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

سلێمانی ئەمڕۆ شارێکە رۆڵی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

مەسعود پزیشکیان لە سەردانی سلێمانیدا سەردانی مەزارگەی جەلال تاڵەبانی کردو دوای فاتیحا خوێندن بە دەستوخەتی خۆی نامەیەکی جێهێشت، لە کۆتاییدا نوسیبووی ”رۆحی شاد بێت و یادی بۆ هەمیشە بۆ تێکۆشەران ئازادیخوازانی دنیا بە زیندوویی بمێنێتەوە”.

بەڵێ بەڵێ، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستانیش کە بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو بکرێت کاتێک پەیامنێری 964 لە قوباد تاڵەبانی پرسی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، جێگری سەرۆکی حکومەت وتی ”بەڵێ بەڵێ، کێ وتی ناکرێت لە کاتی خۆیدا؟، کێ وای وت من شتی وام نەبیستووە؟.